Accessibility links

کەشتیە گرانبەهاکەی ڕووسیا دەگاتە هاوای


بەپێی داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکانی ڕیفینیتیڤ ئێکسۆن، دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمەریکا لە فیجی دەستی بەسەرداگیرا، کەشتیە گرانبەها ڕووسییەکە گەیشتە هاوای، بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن خاوەنی کەشتییە 300 ملیۆن دۆلارییەکە دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی ڕووسی سولەیمان کیریمۆڤە کە سزاکانی بەسەردا سەپێندراوە.

هێزی ئەرکەکانی وەزارەتی دادی ئەمەریکا کە بە کلیپتۆکاپچەر ناسراوە سەنگی خستۆتەسەر دەستبەسەراگرتنی کەشتیە گرانبەها و سەرمایە گرانبەهاکانی دیکەی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ فشار خستنەسەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن تاوەکو کۆتایی بە جەنگەکەی لە ئۆکرانیا بهێنێت.

دوای ئەوەی دادگای باڵای دورگەی فیجی فەرمانیکرد کەشتیە گرانبەهاکە دوورگەکە جێبهێڵێت، کەشتییە 106 مەترییەکە هەفتەی ڕابردوو بەندەری لاوتۆکای فیجی جێهێشت.

داتاکانی ڕیفینیتیڤ دەریدەخەن دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە کەشتییەکە لە هانەلولو بەستراوەتەوە.

لە 13 ی مانگی چواردا دوای 13 ڕۆژ لە گەشتەکەی لە مەکسیکەوە، کەشتییەکە گەیشتە فیجی و لەوێ دەستی بەسەرداگیرا. دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا وتی لە 24 ی مانگی دوودا و دەستبەجێ دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، کەشتیەکە سیستمە ئوتۆماتیکییەکانی زانیارییەکانی کوژاندۆتەوە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ خۆبەدوورگرتن لە گیرانی کەشتییەکەدا.

پارێزەرانی خاوەنی کەشتییەکە کە ناوی ئامادیایە بە دادگاکەی فیجیان وت خاوەنی ئامادیا کیریمۆڤ نیە، بەڵکو خاوەنەکەی ئێدوارد خودایناتۆڤی سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕووسییە کە ئەویش دەسەڵاتدارێکی دیکەی دەوڵەمەندی ڕووسیایە، بەڵام سزای بەسەردا نەسەپێندراوە.

ئەمەریکا دەڵێت کیریمۆڤ خاوەنی سودمەندی ڕاستەقینەی ئامادیایە.

وەکو وەڵامێک بۆ کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و سوریا، ئەمەریکا لە ساڵەکانی 2014 و 2018 دا سزای بەسەر کیریمۆڤدا سەپاندووە. هەروەها لەلایەن یەکێتی ئەوروپاشەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG