Accessibility links

کەشتییەکی جەنگی ڕووسیا لە دەریای ڕەش تەقەی ئاگادارکردنەوە بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگردا دەکات


کەشتییەکی جەنگی ڕووسیا لە باشووری ڕۆژئاوای دەریای ڕەش تەقەی ئاگادارکردنەوەی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگردا کرد لە کاتێکدا کە کەشتییەکە بەرەو باکوور دەڕۆیشت، ئەمەش یەکەمین جارە ڕووسیا لە دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەوە تەقە بەسەر کەشتییەکی بازرگانیدا بکات.

لە مانگی حەوتدا ڕووسیا بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵە ڕاگرت کە ڕێگەیدابوو بە ئۆکرانیا بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە ڕێی دەریای ڕەشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات. مۆسکۆ دەڵێت هەموو ئەو کەشتییانەی بەرەو ئۆکرانیا دەڕۆن حسابی ئەوەیان بۆ دەکات کە چەکییان پێبێت بۆ ئۆکرانیا.

ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی کەشتی ئێشکگری ڤاسیلی بیکۆڤ تەقەی بەسەر کەشتی سوکرو ئۆکاندا کردووە دوای ئەوەی کاپتنی کەشتییەکە وەڵامی داوای کەشتییە ڕووسییەکەی نەداوەتەوە بۆ پشکنینی کەشتییەکەی.

ڕووسیا وتی کەشتییەکە بەرەو بەندەری ئیزمایلی ئۆکرانیا ڕۆیشتووە. بەپێی داتاکانی ڕیفینیتیڤ کە چاودێری کەشتییە بازرگانییەکان دەکات، کەشتییەکە لە ئێستادا لە نزیک کەناری بولگاریایە و بەرەو بەندەری سولینای بولگاریا دەڕوات.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " دوای ئەوەی گروپی پشکنین کارەکانییان لەسەر کەشتیەکە تەواو کرد، سوکرو ئۆکان بەرەو بەندەری ئیزمایل ڕۆیشت."

لەلایەکی دیکەوە ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی " ڕووداوەکە بە ئاشکرا پێشێلکردنی یاسای دەریایی نێودەوڵەتی بووە، کارێکی چەتەیی و تاوانێک بووە دژی کەشتییە سڤیلەکانی وڵاتانی سێیەم لە ئاوەکانی وڵاتانی دیکەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG