Accessibility links

بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیاوە لە شارێکی ڕووسیا 4 کەس کوژران


شاری یەیسک، ڕووسیا. شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسییەکە
شاری یەیسک، ڕووسیا. شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسییەکە

فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسی بەسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی شاری یەیسکی ڕووسیدا کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورە لە بینایەکی نیشتەجێبووندا کەوتەوە و چوار کەسیش گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی فڕۆکەکە لە ئەرکێکی مەشقدا بووە کاتێک یەکێک لە بزوێنەرەکانی گڕی گرتووە، ستافی فڕۆکەکە پێش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە بە پارێزراوی هاتوونەتە دەرەوە لێی.

بەرپرسانی ناوخۆی شاری یەیسک کە دەکەوێتە سەر دەریای ئازۆڤ وتیان کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە چەند نهۆمێکی بینایەکی نیشتەجێبوونی نۆ نهۆمیدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکە بێسەروشوێنن و 25 کەسیش بریندار بوون.

چەند کاتژمێرێک دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، فەرمانڕەوای هەرێمەکەی ڕووسیا ڤینیامین کۆندراتیڤ وتی خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتنی بەپەلە ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

شاری یەیسک کە 90,000 دانیشتووی هەیە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ڕووسیاوە و لە نزیک سنووری ئۆکرانیادایە، هەروەها بنکەیەکی گەورەی ئاسمانی ڕووسیای تێدایە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی فڕۆکەکە لە جۆری سو – 34 ی تۆپهاوێژ بووە، فڕۆکەیەکی دەنگبڕی دوو بزوێنەرە کە ڕووسیا لە ماوەی جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکاریهێناوە.

کرێملن گوتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئاگادار کراوەتەوە لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە و فەرمانی کردووە سەرجەم یارمەتییە پێویستەکان دابین بکرێن.

دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرزیش دەڵێت لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا دۆسییەیەکی تاوانی کردۆتەوە و لێکۆڵەرەوەکانی بۆ شوێنی کەوتنە خوارەوەکە ناردووە.

XS
SM
MD
LG