Accessibility links

ڕوسیا ژمارەی سەربازەکانی کە لە سوریا شەڕیان کردووە ئاشکرا دەکات


وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ژمارەی ئەو سەربازانەی ئاشکرا کرد کە ڕەوانەی سوریا کراون لەمیانەی بەشداریاندا لە شەڕی ناوخۆی سوریا و وتی ژمارەکە دەگاتە 63 هەزار سەرباز.

وەزارەتەکە وتیشی 63 هەزار سەربازی ڕوسی ئەزموونی شەڕیان لە سوریا دەستکەوتووە.

بەپێی دەزگای هەاڵی ئەسۆشیەتد پرێس لەم ژمارەیەدا 25738 کەسیان ئەفسەرن و 434 کەسیان جەنەڕاڵن و 4329 کەسی دیکەیان شارەزان لە بواری تۆپهاوێژ و موشەکدا.

وەزارەتەکە وتیشی هێزی ئاسمانی سوریا زیاتر لە 39 هەزار جار دەرچوونیان هەبووە و زیاتر لە 86 هەزار چەکداریان کوشتووە و 121466 ئامانجی تیرۆریستیان لەناوبردووە.

وتیشی هێزەکانی ڕوسیا 231 جۆری نوێی چەکیان لە سوریادا تاقی کردۆتەوە.

بەڵام ئاماژەیان بە ژمارەی قوربانییانی مەدەنی و سەربازە کوژراوەکانی ڕوسیا نەدا.

ساڵی ڕابردوو وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شویگۆ وتی زیاتر لە 48 هەزار سەربازی ڕوسی بەشدار بوون لە شەڕی سوریادا، پێش ئەوەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن فەرمان بکات بە کشانەوەی زۆربەی هێزەکانی لە سوریادا.

دواتر پوتن ڕوونی کردەوە سوپای ڕوسیا لە سوریادا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی پێویست بکات، و هیچ پلانێکی بۆ کشانەوە نیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG