Accessibility links

زانایەکی ڕووسی دوای دوو ڕۆژ لە دەستگیرکردنی گیانی لەدەستدا


زانایەکی ڕووسی کە هەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی ناپاکیکردن لە دەوڵەت لە سایبیریا دەستبەسەرکرا و سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی شێرپەنجەی پەنکریاسی هەبووە گواسترایەوە بۆ مۆسکۆ، پارێزەرەکانی و ئەندامانی خێزانەکەی دەڵێن گیانی لەدەستداوە.

دمیتری کۆڵکەری تەمەن 54 ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی سایبیریا بە تیوب خواردنی دراوەتێ و دواتر بە تۆمەتی ناپاکیکردن لە دەوڵەت دەستگیرکراوە، لە نەخۆشخانەکەی دەرهێندراوە و گواستراوەتەوە بۆ مۆسکۆ کە ماوەیەکی چوار کاتژمێری خایاندووە. پارێزەرەکانی دەڵێن کۆڵکەر گواستراوەتەوە بۆ بەندینخانەی لێفۆرتۆڤۆ و دواتر لە نەخۆشخانەیەکی نزیک بەندینخانەکە گیانی لەدەستداوە.

ئانتۆن دایانۆڤ کە یەکێکە لە ئەندامانی خێزانەکەی کۆڵکەر لە ئەمەریکاوە بە ڕۆیتەرزی وت ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی زاناکە کراون کە گوایە نهێنییەکانی دەوڵەتی داوە بە چین، بێمانا بوون.

گوتی " ئەو زانا بوو، وڵاتەکەی خۆشدەویست، هەمیشە لە وڵاتەکەی خۆیدا کاری کردووە، سەرەڕای ئەوەش کە لەلایەن کۆمەڵێک زانکۆی بەناوبانگەوە بانگهێشت دەکرا تاوەکو لە دەرەوە کاربکات. دەیویست لە ڕووسیا کاربکات، دەیویست خوێندکارانی ڕووسیا فێربکات."

ئاماژەشی بەوەدا " ئەم تۆمەتانە بەتەواوەتی بێمانان و زۆر دڕندانە و نائاسایین بدرێنە پاڵ پیاوێکی نەخۆش. دەیانزانی ئەو لە سەرە مەرگدایە و بڕیاریاندا دەستگیری بکەن."

خێزان و پارێزەرەکانی کۆڵکەر دەڵێن لەلایەن دەزگای ئاسایشی ئێف ئێس بی ڕووسیاوە دەستگیرکراوە و ماڵەکەشی پشکندراوە. وتیشیان ئەو تۆمەتی ناپاکیکردنەی کە خراوەتە پاڵ کۆڵکەر بەهۆی ئەوەوە بووە کۆڵکەر لە چین وانەی وتۆتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەو بابەتەی کە لە چین وەکو وانەیەک باسی لێوە کردووە لەلایەن دەزگای ئێف ئێس بی ڕووسییەوە پەسەند کراوە.

ئالیکساندەر فێدولۆڤی پارێزەر بە ڕۆیتەرزی گوت هەوڵیداوە لەجیاتی کۆڵکەر پەیوەندی بە بەرپرسانی ڕووسیاوە بکات، بەڵام لە بەشی لێکۆڵینەوەکانی ئێف ئێس بی دوورخراوەتەوە و ڕێگەیان پێنەداوە سەردانی کۆڵکەر بکات لە زیندان.

گوتیشی ڕۆژی دووشەممە سکاڵایەکی یاسایی تۆمار دەکات لەسەر بارودۆخی دەستبەسەرکردنی کۆڵکەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG