Accessibility links

شیکەرەوەیەکی سەربازیی ڕووسیا لەسەر کەناڵێکی وڵاتەکەی دەڵێت ئۆکرانیا زۆر خراپتر دەبێت بۆ ڕووسیا


شیکەرەوەیەکی سەربازیی پەیامێکی ڕاشکاوانەی ئاڕاستەی بینەرانی کەناڵێکی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا کرد و وتی جەنگەکەی ئۆکرانیا زۆر خراپتر دەبێت بۆ ڕووسیا، لەکاتێکدا کە ڕووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆشەگیر کراوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، کەناڵەکانی ڕووسیا بە تایبەتی ئەو کەناڵانەی سەر بە دەوڵەتن، پشتیوانییان لە هەڵوێستی کرێملن کردووە. دەنگێکی کەمی ناڕەزایی پەخش کراوە.

شەوی دووشەممە شیکەرەوەیەکی دیاری سەربازیی لەسەر کەناڵێکی سەرەکی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا بوێرانە هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا خستەڕوو، کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات.

شیکەرەوەی سەربازیی ڕووسی میخایل خۆداریۆنۆک کە کۆلۆنێڵێکی خانەنشینکراوە بە پڕۆگرامی 60 خولەکی کەناڵی ڕووسیا – 1 ی وت " نابێت زانیارییە ئارامکەرەوەکان قووت بدەیت."

خۆداریۆنۆک کە بەردەوام میوانی پڕۆگرامەکە بووە و هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ بارودۆخەکە خستۆتەڕوو وتی " ڕاشکاوانە قسە بکەم بارودۆخەکە بۆ ئێمە خراپتر دەبێت."

وتی ئۆکرانیا دەکرێت 1 ملیۆن چەکدار بڵاوبکاتەوە.

خۆداریۆنۆک کە دەرچووی یەکێک لە ئەکادیمییە سەربازییە باڵاکانی ڕووسیایە، پێش داگیرکارییەکە هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەو جۆرە هەنگاوە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ڕووسیا نابێت.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانیا.

هاوکات جەنگەکە سنووری توانا سەربازی و هەواڵگری و ئابوورییەکەی ڕووسیای دەرخست. سەرەڕای هەوڵەکانی پوتنیش بۆ پتەوکردنی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، سوپای ڕووسیا لە زۆرێک لە شەڕەکاندا لە ئۆکرانیا بە خراپی شکستیان هێناوە.

هێزەکانی ڕووسیا دەستبەرداری ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ بوون و سەنگیان خستەسەر کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. هاوکات ڕۆژئاوا بە بڕی ملیاران دۆلار چەکی ڕەوانەی هێزەکانی ئۆکرانیا کردووە.

زیانە گیانییەکان ئاشکرا ناکرێن بەڵام ئۆکرانیا دەڵێت زیانەکانی ڕووسیا زۆر خراپترن لەو 15,000 سەربازەی سۆڤییەت کە لە شەڕی سۆڤیەت و ئەفغانستاندا لە نێوان ساڵەکانی 1979-1989 دا کوژراون.

خۆداریۆنۆک وتی " ئارەزووی بەرگریکردن لە نیشتیمانی دایک هەستێکە لە ئۆکرانیا بوونی هەیە، بەڕاستی لەوێ بوونی هەیە و بەنیازن تاوەکو کۆتایی شەڕ بکەن."

گەورەترین زیانی ستراتیژی کە بەر ڕووسیا کەوتبێت لە داگیرکارییەکەیدا یەکگرتنی نائاسایی ئەمەریکا و ئەوروپا بوو، هەروەها هەوڵەکانی سوید و فینلەنداش بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، کە پێشتر ڕەتیان کردبۆوە بچنە هیچ هاوپەیمانێتیەکی سەربازییەوە.

خۆداریۆنۆک وتی ڕووسیا پێویستی بەوەیە ڕاستییەکە ببینێت.

وتی " سەرەکیترین شت لەم کارەی ئێمەدا ئەوەیە هەستێکی ڕیالیزمی سەربازیی سیاسییمان هەبێت: ئەگەر بچیتە سەروو ئەوەوە ئەوا ڕاستیی مێژوو زۆر بە قورسی لێت دەدات و ناشزانیت چی لێی داویت."

وتی " بۆ خاتری خوا موشەکەکان بە ئاڕاستەی فینلەندا مەجوڵێنە، زیاتر شتێکی پێکەنیناوییە."

وتیشی ڕووسیا گۆشەگیرکراوە.

ئاماژەشی بەوەدا " سەرەکیترین کەموکورتی لە هەڵوێستی سەربازیی سیاسیماندا ئەوەیە لە تەنیاییەکی تەواوی جیۆسیاسیداین، بەڵام نامانەوێت دانی پێدا بنێین، بەشێوەیەکی کرداریی هەموو جیهان دژمانن و پێویستە لەم بارودۆخە بێینە دەرەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG