Accessibility links

سیاسییەکی ڕووسی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا دەستبەسەرکرا


لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە سیاسییەکی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا یەڤیگنی ڕۆیزمان دەردەکەوێت لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر دەکرێت، ئەمەش لە نوێترین هەوڵی بەرپرسانی ڕووسیادا بۆ سزادانی ڕەخنەگران لە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت ڕۆیزمان کە پێشتر سەرۆکی شارەوانی یەکاتیرینبێرگ بووە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر دەکرێت و دەگوازرێتەوە.

لە ڤیدیۆکەدا ڕۆیزمان بە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت بەپێی یاسایەکی دژ بە لکەدارکردنی هێزە چەکدارەکان لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت، گوتیشی تەنها لەبەر یەک ڕستە دەستبەسەر کراوە، ئەویش ئەوەیە گوتوویەتی " داگیرکردنی ئۆکرانیا."

کاتێک پرسیاری لێکرا لەکوێدا وای وتووە، گوتی " لە هەمووشوێنێک وتوومە و ئێستاش دەیڵێم."

دەزگای هەواڵی تاس لە دەزگای ئاسایشی یەکاتیرینبێرگەوە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی ڕۆیزمان بەپێی بە تۆمەتی " لکەدارکردنی سوپای ڕووسیا " لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.

ڕۆیزمان بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئالێکسی ناڤاڵنی زیندانیکراو دەکات و لە ساڵی 2013 دا وەکو کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆن لە ڕووسیا دەرکەوت، ئەوەش دوای ئەوەی وەکو سەرۆکی شارەوانی یەکاتیرینبێرگ دەستنیشانکرا کە چوارەمین گەورەترین شاری ڕووسیایە.

ئەندامی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی ڕووسیا، دمیتری گودکۆڤ گوتی " دەستگیرکردنەکە تۆڵەی وتنی ڕاستییە سەبارەت بە جەنگێک کە نیو ساڵە بەردەوامە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG