Accessibility links

کەشتیەکی دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی ڕووسیا دەگاتە ئاوەکانی تورکیا


کەشتییەکی گرانبەهای دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی ڕووسیا ئۆلیگ دێریپاسکا گەیشتە کەناراوەکانی هاوینەهەواری گۆچێک لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا، ئەمەش لەکاتێکدایە زۆربەی ملیاردێرە ڕووسییەکان بەمەبەستی هەڵهاتن لە سزاکانی ڕۆژئاوا ڕوودەکەنە تورکیا.

دێریپاسکای دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەلەمینیۆمی زەبەلاحی ڕوساڵ، لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە. پێشتریش داوای ئاشتی کردووە.

شایەتحاڵێکی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا کەشتیە گرانبەها 73 مەترییەکە ڕۆژی شەممە گەیشتۆتە کەناراوەکانی گۆچیک و لەوێ لەنگەری گرتووە.

گەیشتنی ئەو کەشتییە بۆ تورکیا دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کەشتییە گرانبەهاکانی ملیاردێری ڕووسی ڕۆمان ئابرامۆڤیچ لە بەندەرەکانی تورکیا لەنگەرییان گرت.

حکومەتەکانی جیهان هەوڵ دەدەن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و هاوپەیمانەکانی گۆشەگیر بکەن، ئەوەش بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات.

تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ سنووری ئاویی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە، هەروەها پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەیە و نێوەندگری دەکات لە ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا. پشتیوانی لە کیێڤ کردووە بەڵام لە هەمان کاتیشدا دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکات بۆ سەر مۆسکۆ، بە سزاکانی سەر دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیاشەوە.

تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بە هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا و گەشتیارانی ڕووسی بەستووە، هەروەها بووەتە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ ئەو ڕووسییانەی کە لە دەست سزاکانی ڕۆژئاوا هەڵدێن، زۆرێکیشیان موڵکیان لە تورکیا هەیە.

ڕۆژی هەینی دیبلۆماتکارێکی ئۆکرانیا وتی ئۆکرانیا بەمەبەستی پشتیوانی زیاتر لەگەڵ تورکیادا کار دەکات، هەروەها لەوەش تێدەگات کە تورکیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ مۆسکۆدا هەیە، بەڵام دڵخۆشیش نیە بەو ڕاستییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG