Accessibility links

ڕووسیا ڕێگەی بە هەندێک لە ئوتومبێلەکان داوە لە ماریوپۆڵ هەڵبێن بەلام ڕێگەی لە کاروانە مرۆییەکان گرتووە


ئۆکرانیا دەڵێت ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا ڕێگەی بە کۆمەڵێک ئوتومبێلدا شاری گەمارۆدراوی ماریوپۆڵی ئۆکرانیا جێبهێڵن، بەڵام ڕێگەی نەداوە کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە شارەکە، ئەمەش دوای 10 ڕۆژ لە هەوڵە شکستخواردووەکان بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەو شارەدا کە لەژێر هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیادایە.

لە هەفتەی یەکەمی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا شاری ماریوپۆڵ بەتەواوەتی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە گەمارۆدراوە، شارەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی گەورە بووەتەوە بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە، سەدان هەزاران کەس لە ژێرزەمینەکاندا بەبێ ئاو و خۆراک و پەناگە گیرییانخواردووە.

بەرپرسانی ناوخۆی ئۆکرانیا دەڵێن زیاتر لە 2500 هاوڵاتی مەدەنی لە شارەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.

نوێنەری ئەنجومەنی شاری ماریوپۆڵ ئاندریێ ڕامپێڵ کە لە ئێستادا لە زاپۆریژایە بە ڕۆیتەرزی وت " لە کاتژمێر 1 دا ڕووسییەکان خاڵێکی پشکنینیان کردەوە و ئەوانەی ئوتومبێل و بەنزینیان پێبوو توانییان ماریوپۆڵ جێبهێڵن و بەرەو زاپۆریژا بڕۆن."

وتی " لە دوو کاتژمێری سەرەتادا 160 ئوتومبێل ڕۆیشتوون. لەوانەیە ئێستا زۆر زیاتر دەرچووبن. شارەکە بەردەوام لەژێر بۆردومانەکاندایە بەڵام ئەم شەقامە بۆردومان نەکراوە. هێشتا نازانین کەی یەکەم ئوتومبێل دەگاتە زاپۆریژا چونکە کۆمەڵێک خاڵی پشکنینی دیکەی ڕووسییان لەبەردەمدا ماوە."

بەڵام کیریلۆ تیمۆشینکۆی ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ئۆکرانیا دواتر وتی ڕووسیا هێشتا ڕێگەی نەداوە کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بچنە شارەکەوە.

لە زۆرێک لە گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، کیێڤ داوایکردووە ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بکرێتەوە تاوەکو بچنە ماریوپۆڵەوە. سەرجەم هەوڵەکانی پێشووی بۆ ئاگربەستێکی ناوخۆیی لە ناوچەکەدا شکستیان هێناوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕووسییەکان و ئۆکرانییەکان خولی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوانیان دەستپێکرد، بەڵام ئەمجارە لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێک ڕانەگەیەندراوە.

ئەندامی شاندەکەی ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ڕووسیا میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی " گفتوگۆکان دەکرێن بەڵام قورسن."

گفتوگۆکان ڕۆژی سێشەممە دەستپێدەکەنەوە. وتی " ڕووسیا هێشتا لەو خەیاڵەدایە کە 19 ڕۆژی توندوتیژییەکانیان دژی شارە ئاشتیخوازەکانی ئۆکرانیا ستراتیژییە ڕاستەکەیە."

ئەندامێکی شاندەکەی ڕووسیا لە گفتوگۆکاندا وتی ڕووسیا سوورە لەسەر داواکارییەکانی، وتی " ئێمە ئامانجمان ئەوەیە هەرچی لەتواناماندا بێت بیکەین تاوەکو ئەو ئامانجانە بەدەست بهێنین کە لەلایەن ڤلادیمیر پوتنەوە داندراون، ئەوەش لەپێناو داهاتووی ئاشتیانەی ڕووسیادا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG