Accessibility links

بەرپرسی شارێکی ئۆکرانی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا لە تەقینەوەیەکدا بریندار بووە


بەرپرسێکی ناوخۆ گوتی فەرماندەی شارێکی باشووری ئۆکرانیا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە لە تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممەدا بە سەختی برینداربووە.

ڤلادیمیر ڕۆگۆڤ کە بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی هەرێمی زاپۆریژای ژێر دەسەڵاتی ڕووسیایە سەرەتا بە ڕۆیتەرز و دوو دەزگای هەواڵی ڕووسی وت بەرپرسی شاری بێردیانسک ئارتیۆم باردین مردووە، هەروەها لۆمەی حکومەتی ئۆکرانیای کرد.

دواتر ڕۆگۆڤ نامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا گوتی باردین لە بارودۆخێکی خراپدایە و توشی خوێنبەربوونێکی زۆر بووە و خەریکە قاچێکی لە دەست دەدات.

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ بارودۆخی باردین پشتڕاست بکاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا ئاماژەیان بەوەدا باردین گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە بارودۆخێکی خراپدایە، ئەوەش دوای ئەوەی ئوتومبێلێک لە دەرەوەی بینای بەڕێوبەرایەتی شاری بێردیانسک لە هەرێمی زاپۆریژا تەقیوەتەوە، بێردیانسک لەسەر دەریای ئازۆڤە و نزیکەی 10,000 هاوڵاتی تێدا دەژی و لە مانگی دوودا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکرا.

بەرپرسانی ناوخۆی شارەکە دەڵێن جێگری سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی بێردیانسک لە 26 ی مانگی هەشتدا مرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە تەقینەوەی بۆمبێکدا بریندار بوو.

لە 30 ی مانگی هەشتدا ئالێکسی کۆڤالێڤ تەقەی لێکرا و کوژرا، کۆڤالێڤ پێشتر ئەندام پەرلەمان بووە لەسەر حزبەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و دواتر بووەتە بەرپرسی هەرێمی خێرسۆنی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا و مۆسکۆ لەو پۆستەدا دایناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG