Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ڕووسیا دەڵێت ئەفسەرە سەربازییە باڵاکانی ڕووسیا ناپاکییان بەرامبەر سەربازەکان کردووە


ئیڤان پۆپۆڤ
ئیڤان پۆپۆڤ

جەنەڕاڵێکی ڕووسیا دەڵێت دوای ئەوەی سەرکردایەتی سەربازیی ڕووسیای ئاگادار کردۆتەوە سەبارەت بە دۆخی خراپی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، وەکو فەرماندە دوورخراوەتەوە، جەنەڕاڵەکە دەڵێت بە سەرکردایەتی سەربازیی ڕووسیای وتووە سەربازەکانی ڕووسیا بەهۆی شکستەکانی ئەفسەرانی باڵای سەربازییەوە لە پشتەوە چەقۆیان لێیان دراوە.

دوای یاخیبوونەکەی 24 ی مانگی شەش لەلایەن گروپی بەکرێگیراوی سەربازیی ڤاگنەرەوە، کە گەورەترین ئاستەنگی ناوخۆیی ڕووسیا بوو لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا، سەرۆکی ڕووسیا تاوەکو ئێستا وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ و سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای ڕووسیا ڤالێری گیراسیمۆڤی لە پۆستەکانیاندا هێشتۆتەوە.

جەنەڕاڵ ئیڤان پۆپۆڤ کە سەرکردایەتی لیوای 58 ی سوپای ڕووسیای کردووە، لە نامەیەکی دەنگیدا کە لەلایەن ئاندرێ گورولیۆڤی پەرلەمانتاری ڕووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت دوای ئەوەی ڕاستییەکانی سەبارەت بە دۆخی هێڵەکانی پێشەوەی بە ئەفسەرانی باڵای سەربازیی وتووە دوورخراوەتەوە.

پۆپۆڤ دەڵێت " سوپای ئۆکرانیا نەیتوانیوە لە هێڵەکانی پێشەوە دزە بکاتە ناومانەوە بەڵام سەرکردە باڵاکانمان لە دواوە لێمان دەدەن، دڕندانە لە سەختترین و قورسترین ساتدا سەری سوپا دەبڕن."

پۆپۆڤ کە ناوە سەربازییەکەی " سپارتاکۆس " بووە و سەرکردایەتی هێزەکانی ڕووسیای کردووە لە باشووری ئۆکرانیا، بە ڕوون و ئاشکرا باسی لە مردنی سەربازانی ڕووسیا کرد بەهۆی تۆپهاوێژەکانی ئۆکرانیاوە، وتی سوپا سیستمی دژە تۆپهاوێژی گونجاو و چاودێریکردنی تۆپهاوێژی دوژمنی نیە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر بابەتەکە نەداوە و ڕۆیتەرزیش دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ نامە دەنگییەکە پشتڕاست بکاتەوە. گورولیۆڤی پەرلەمانتاریش فەرماندەیەکی پێشووی سوپا بووە و بەردەوام لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنی سەر بە دەوڵەت دەردەکەوێت.

تاوەکو ئێستا نەزاندراوە نامەکە کەی تۆمار کراوە و لە ئێستادا پۆپۆڤ لە کوێیە. وەزارەتی بەرگریش هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر دوورخستنەوەکەی.

پۆپۆڤی تەمەن 48 ساڵ وتی کاتێک ڕاستییەکانی بە سەرکردە سەربازییەکان وتووە زانیویەتی کە شتەکان هەرگیز وەکو خۆیان نامێننەوە.

وتی " دۆخێکی قورس بوو لەگەڵ سەرکردە باڵاکاندا کە تێیدا پێویست بوو یان ئەوەتا بێدەنگ بیت و ببیتە ترسنۆکێک، یان ئەوەتا ئەوەی کە هەیە بیڵێیت."

وتی " مافی ئەوەم نەبوو بە ناوی ئێوە و برا سەربازە مردووەکانمەوە درۆ بکەم، لەبەرئەوە سەرجەم ئەو کێشانەم خستەڕوو کە هەن."

لە ساڵی 2017 دا ڕۆژنامەی فەڕمی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا کورتەیەکی لەسەر پۆپۆڤ بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت پۆپۆڤ پێشتر لە جەنگی ڕووسیادا دژ بە جیاخوازەکانی ناو چیچان و جەنگەکەی ساڵی 2008 ی ناو جۆرجیادا بەشداری کردووە.

پۆپۆڤ وتی " سەرکردە باڵاکان هەستییان بە جۆرێک لە مەترسی کرد لە منەوە و بەپەلە تەنها لە یەک ڕۆژدا فەرمانێکیان لە وەزیری بەرگرییەوە داڕشت و دەرییانکردم. چاوەڕێی چارەنووسم دەکەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG