Accessibility links

ئۆکرانییەکان دوورگەیەکی ستراتیژی لە هێزەکانی ڕووسیا وەردەگرنەوە


دوورگەی سنەیک
دوورگەی سنەیک

هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لە بنکەیەکی ستراتیژی دەریای ڕەش لە دوورگەی زمینی (کە بە دوورگەی مار ناسراوە) پاشەکشەیان کرد، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئۆکرانیا بۆ کەمکردنەوەی گەماڕۆی رووسیا لەسەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا.

ئاندرێ یەرماکی بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی " چیتر هیچ هێزێکی ڕووسیا لە دوورگەی سنەیک نەماوە. هێزە چەکدارەکانمان کارێکی مەزنییان کرد."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیای لە دوورگەی سنەیک پشتڕاست کردەوە، گوتی " ئاماژەیەکی نیازپاکی " بووە و هێزەکانیان ئەو ئەرکەیان جێبەجێ کردووە کە پێیان ڕاسپێردرابوو.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتیشی ڕووسیا ڕێگری نەکردووە لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێکخستنی ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ئۆکرانیا.

دوورگەی سنەیک کە ڕووسیا لە یەکەم ڕۆژی داگیرکارییەکەیدا داگیریکرد، ناوبانگی دەرکرد کاتێک هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئۆکرانیا لە دوورگەکەدا داوایەکی کەشتییە جەنگییەکەی ڕووسیایان بۆ خۆبەدەستەوەدان ڕەت کردەوە.

سەرکردایەتی سەربازی باشووری ئۆکرانیا وتی دوابەدوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سەرکەوتوو کە یەکەکانی موشەک و تۆپهاوێژیش بەشدارییان تێدا کرد، هێزەکانی ڕووسیا بە دوو بەلەم دوورگەی سنەیکییان جێهێشت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانی دەستبەجێ وێنەکە یان هەڵسانگاندنی گۆڕەپانی جەنگەکە پشتڕاست بکاتەوە.

ئەو دوورگە بەردەڵانە کۆنتڕۆڵی ڕێڕەوی دەریایی دەکات بۆ ئۆدێسا کە بەندەری سەرەکی دەریای ڕەشی ئۆکرانیایە، کە گەمارۆی ڕووسیا ڕێگری لە هەناردەکردنی دانەوێڵە کردووە کە یەکێکە لە دابینکەرە سەرەکیەکانی جیهان، ئەمەش بۆتە هۆی کورتهێنانی دانەوێڵە لە جیهان و هەڵاوسانی نرخ و هاوکات مەترسی برسێتی دروستکردووە.

ڕووسیا لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگەکەدا دوورگەکەی داگیرکرد.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG