Accessibility links

دیپلۆماتکارانی ڕووسیا لە پایتەختەکانی ئەوروپا نەخوازراون


باڵیۆزی ڕووسیا لە پۆڵەندا سێرگێی ئاندرێڤ
باڵیۆزی ڕووسیا لە پۆڵەندا سێرگێی ئاندرێڤ

خۆپیشاندەرانی وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا لە نزیکەوە شلەیەکی سوورییان کرد بە دەموچاوی باڵیۆزی ڕووسیا لە پۆڵەندا سێرگێی ئاندریڤدا.

ماوەیەکی کورت دوای دەستپێکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ئاندرێڤ گوتی هەژماری بانکەکانی باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە پۆڵەندا سڕکران، هەروەها مەحاڵ بووە بتوانێت لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی پۆڵەندادا کۆببێتەوە.

ئاندرێڤ گوتی سەرتاشەکەشی لە پۆڵەندا کە هەمیشە لەوێ قژی بڕیوە ڕەتی کردۆتەوە قژی بۆ ببڕێت. کۆمپانیا دڵنیاییەکانی وڵاتەکە ڕەتییان کردۆتەوە خەرجی ئۆتۆمبێلەکانی باڵیۆزخانەکە دابین بکەن.

ئاندرێڤ ڕۆژی دووشەممە پێش ئەوەی شلە سوورەکە بکرێت بە دەموچاویدا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوت " بە کرداری پەراوێز خراوین."

لە سەرانسەری ئەوروپادا دیپلۆماتکارانی ڕووسیا نەخوازراون، دیبلۆماتکارانی ڕووسی لە وڵاتە ئەوروپییەکان دەردەکرێن و هاوڵاتیانی مەدەنی خۆپیشاندانیان دژ بە دیپلۆماتکاران ئەنجام دەدەن و کۆمپانیاکان ڕەتی دەکەنەوە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی دیبلۆماتکارە ڕووسییەکان بکەن.

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تاوەکو ئێستا لانی کەم 400 دیپلۆماتکاری ڕووسییان دەرکردووە. وارشۆ دەستی بەسەر بینایەکدا گرتووە کە سەر بە باڵیۆزخانەی ڕووسیایە، ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجیش ناوی شەقامەکەی بەردەم باڵیۆزخانەی ڕووسیای گۆڕی بۆ " گۆڕەپانی ئۆکرانیا."

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس، یەک لەسەر چواری دانیشتوانی وڵاتەکەی ناچار کردووە لە وڵاتی خۆیان هەڵبێن و شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیای خاپوور کردووە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا بە پڕچەککردنی ئۆکرانیا و سەپاندنی سزا بەسەر ئابووری و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی ڕووسیادا وەڵامی داگیرکارییەکەیان داوەتەوە.

خۆپیشاندانە گشتییەکان دژی ڕووسیا وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی ناچار کردووە دیبلۆماتکارانی ئاگادار بکاتەوە لەوەی دووجار بیر بکەنەوە کاتێک دەچنە دەرەوە، ئەوەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەکانی ڕووسیا لە ڕۆما و سۆفیا و پراگ بە بۆیەی سوور داپۆشران.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ بە کەناڵی ڕووسیا 24 ی وت " هێرش دەکرێتە سەر دامەزراوە و دیپلۆماتکارەکانمان بەتایبەتی هێرشی تیرۆریستی."

گوتی " ئێستا پێشنیاری ئەوە ناکەین بە تەنها بچنە دەرەوە."

ڕۆژی دووشەممە ئاندرێڤ لە گۆڕستانێکی سەربازیی سۆڤییەت بوو لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، ئەوەش بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانی سۆڤییەت کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا کوژراون، هەروەها بەبۆنەی یادی 77 ساڵەی سەرکەوتنی سۆڤییەت بەسەر نازییەکانی ئەڵمانیادا. بەڵام خۆپیشاندەران چواردەورییان گرت و هەندێکیان ئاڵای ئۆکرانیایان بەرز کردبۆوە و هاوارییان دەکرد " فاشیست "، دواتر ئافرەتێک شلەیەکی سووری کرد بە دەموچاویدا.

وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا وتی بەداخەوەیە بۆ ڕووداوەکە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " دیبلۆماتکاران پاراستنێکی تایبەتییان هەیە، ئەوەش سەرەڕای سیاسەتی حکومەتەکانیان کە دیبلۆماتکاران پەیڕەوی دەکەن."

مانگی ڕابردوو پۆلیسی سویسرا وتی زیانێک بەر باڵیۆزخانەی ڕووسیا کەوتووە. لە 6 ی مانگی چواریشدا لە بوخارێست شۆفێرێک خۆی کێشاوە بە دەرگای باڵیۆزخانەی ڕووسیادا و مردووە.

بەپێی سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە پاریس هاوشێوەی باڵیۆزخانەکەیان لە وارشۆ لەڕووی داراییەوە بارودۆخیان خراپە، مۆسکۆ داوای لێکردوون خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە.

لە لیتوانیاش دوو بانکی سەرەکی حەواڵەکردنی پارەیان بۆ ڕووسیا و بێلاڕووس و بەپێچەوانەشەوە قەدەغەکردووە. وەکو پۆڵەندا، کۆمپانیاکانی وڵاتەکە ڕەتی دەکەنەوە خەرجی ئوتومبێلەکانی باڵیۆزخانەی ڕووسیا دابین بکەن.

پراگی پایتەختی چیکیش ناوی شەقامی باڵیۆزخانەی ڕووسیای گۆڕی بۆ شەقامی " پاڵەوانانی ئۆکرانیا ".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG