ڕۆژی سێشەممە دیپلۆماتکارێکی باڵای ڕووسیایی وتی ڕووسیا و ئەمەریکا چەند جارێک لەسەر لێواری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بوون بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان. ئاماژەشی بەوەدا هێشتا گەیشتن بە ڕێککەوتنێک پێش کۆتایی ئەم ساڵ ڕێی تێدەچێت.
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن چەند مانگێکە هەوڵی گفتوگۆکردن دەدات بۆ ئازادکردنی یاریزانی باسکەی ژنانی ئەمەریکا بریتنی گراینەر و پۆڵ ویلانی بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی ئاسایش لە میشیگانی ئەمەریکا، ئەوەش لە ڕێی ئەگەری ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان پێش کۆتایی ئەم ساڵ ڕێی تێدەچێت، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤ لە وەڵامدا وتی " هەمیشە دەرفەتێک هەیە."
وتیشی " بەداخەوە هەندێک کات هەبووە وادیار بووە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک زۆر نزیک بووە، بەڵام هەرگیز ئەوە ڕووی نەداوە."
وتی " ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا بێگومان ئاماژەیەکی ئەرێنی دەدات لەسەر ئەوەی ئومێدێک ماوە لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکادا. ئەگەر بتوانین ئەوە بکەین ئەوا ئەو ئاماژەیە گونجاو دەبێت."
هەروەها جەختی لە داواکەی ڕووسیا کردەوە لە ئەمەریکا بۆ قسەکردن لەسەر بابەتەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیادا و خۆی بەدووربگرێت لە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی گشتی.
بریتنی گراینەر بە دەرمانەوە لە مۆرۆدڤیای ڕووسیا دەستبەسەرکرا و سزای نۆ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە مانگی هەشتیشدا دادگایەکی ڕووسیا داواکەی گراینەری بۆ پێداچوونەوە بە سزاکەیدا ڕەت کردەوە.
پۆڵ ویلانیش بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس و دەزگا هەواڵییەکانی دیکە ئاماژەیان بەوە داوە واشنتن پێشنیاری کردووە گراینەر و ویلان بە ڤیکتۆر باوت بگۆڕنەوە، باوت بازرگانێکی چەکی ڕووسییە و سزای 25 ساڵ زیندانی لە ئەمەریکا بەسەردا سەپێندراوە.
سەرچاوە/ AP
دیپلۆماتکارێکی ڕووسیایی دەڵێت هێشتا ئەگەری ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە
