دەزگای میدیایی دادگاکانی مۆسکۆ ڕایگەیاند دادگایەکی ڕووسیا فەرمانیکردووە بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بە گومانی قاچاخچێتیکردن بە دەرمانی هۆشبەرەوە.
هاووڵاتییە ئەمەریکاییەکە، کالۆب وەین بایەرس، لەلایەن ئەفسەرانی گومرگەوە لە فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆی مۆسکۆ لە ماوەی پشکنینی جانتایەکدا دەستبەسەرکرا.
دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیایی وتی دەزگای گومرگی فیدڕاڵی ڕووسیا ڕۆژی هەینی ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بایەرسی تەمەن 28 ساڵ لەلایەن بەرپرسانی گومرگەوە دەستبەسەرکراوە دوای ئەوەی دەرمانی هۆشبەرییان لە جانتاکەیدا دۆزیوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسیا، بە پشتبەستن بە دەزگای گومرگی فیدراڵی ڕووسیا بڵاویکردەوە، "لەکاتی تێپەڕین بە بەشی گومرگی، یەکێک لە جانتاکانی ئەو پیاوە سەرنجی سەگی بۆنکەری ڕاکێشاوە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەفسەرانی گومرگی لەکاتی پشکنینی جانتاکانیدا دوو دەفری پلاستیکی و جانتایەکی زیپداریان دۆزیوەتەوە کە جۆریک شیرینیان تێدابووە.دواجار لە پشکنینی کیمیایی دەرکەوتووە کە ئەم خۆراکانە ماددەی هۆشبەری گروپی کانابینۆیدیان تێدایە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاندرێ فۆگێل مامۆستای ئەمەریکایی کە بە تۆمەتی هاوشێوە لە ڕووسیا دەستگیرکرابوو، هەفتەی ڕابردوو لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئازادکرا و گەڕایەوە ئەمەریکا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
دادگایەکی ڕووسیا هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی بە گومانی قاچاخچێتیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەر دەکات
