Accessibility links

ڕۆژنامەنووسی پێشووی ڕووسیا سافرۆنۆڤ سزای 22 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا


ئیڤان سافرۆنۆڤ
ئیڤان سافرۆنۆڤ

ڕۆژی دووشەممە دادگایەکی ڕووسیا سزای 22 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ڕۆژنامەنووسێکی پێشووی ڕووسیا ئیڤان سافرۆنۆڤدا سەپاند کە بە تۆمەتی ناپاکی تۆمەتبار کراوە، دادوەرانی دادگاکە گوتیان ڕۆژنامەووسەکە نهێنی دەوڵەتی ئاشکرا کردووە.

لایەنگرانی ئیڤان سافرۆنۆڤ دەڵێن سزاکە سزایەکی توندە کە نەبوونی ئازادی ڕاگەیاندن لە ڕووسیا دەردەخات.

ئیڤان سافرۆنۆڤ پێشتر ڕۆژنامەنووسێکی بەرگری بووە و بۆ ڕۆژنامەکانی کۆمەرسانت و ڤیدۆمۆستی کاریکردووە و دواتر بووەتە ڕاوێژکاری سەرۆکی دەزگای بۆشای ئاسمانی ڕووسیا، سافرۆنۆڤ لە ساڵی 2020 دا دەستگیرکرا و بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری نهێنی دەوڵەت تۆمەتبار کرا.

پارێزەرەکانی سافرۆنۆڤ دەڵێن داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاکەدا دەکەن. لایەنگرانیشی دەڵێن دۆسییەکە تۆڵەسەندنەوەیە لە سافرۆنۆڤ لەسەر بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکانی ڕووسیا لە بواری چەکدا.

دمیتری کاچۆڤی پارێزەری سافرۆنۆڤ لە دەرەوەی ژووری دادگا گوتی بەهۆی بڕیارەکەوە توشی سەرسوڕمان بووە.

کاچۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " سافرۆنۆڤ بەهۆی چالاکییە ڕۆژنامەنووسییەکانیەوە 22 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دەمەوێت هەر یەکێک لە ئێوە کە ئێستا سەیرم دەکەن، بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا ئەم ئیشە شایەنی ئەوەیە تیایدا بمێنیتەوە، ئەگەر کەسێک تەنها بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانییەوە 22 ساڵ زیندانی بکرێت."

پارێزەری مافەکانی مرۆڤ پاڤێڵ چیکۆڤ گوتی سزاکە " سزایەکی دڕندانە و توندە و بارودۆخی ئێستای ڕووسیا پیشان دەدات."

گوتیشی هیچ نموونەیەکی دۆسییەی ناپاکی نەبینیوە کە ئەو سزا دوورودرێژەی هەبووبێت.

دادوەران دەڵێن سافرۆنۆڤ نهێنی دەوڵەتی سەبارەت بە گرێبەستەکانی چەکی ڕووسیای بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەزگای هەواڵگری چەکی بیانی کۆماری چیک وتووە. سافرۆنۆڤ ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە و مانگی ڕابردووش ڕێکەوتنێکی ڕەت کردەوە کە تیایدا دەبوو دان بە تاوانەکەیدا بنێت و لەبەرامبەردا 12 ساڵ زیندانی بکرێت.

دەستگیرکردنی سافرۆنۆڤ لە ساڵی 2020 دا ناڕەزایی ڕۆژنامەنووسانی ڕووسیای لێکەوتەوە، بەو ڕۆژنامانەشەوە کە سەر بە دەوڵەتی ڕووسیان. یەکێتی ئەوروپا داوای لە ڕووسیا کرد سەرجەم تۆمەتەکان دژی سافرۆنۆڤ لاببات و بەبێ هیچ مەرجێک ئازادی بکات.

دوابەدوای دەستگیرکردنەکەی، کرێملن سافرۆنۆڤی بە " ڕۆژنامەنووسێکی بەهرەمەند " ناوبرد، بەڵام چەند جارێک دەستوەردانی لە دۆسییەکەدا ڕەت کردۆتەوە.

سافرۆنۆڤی تەمەن 32 ساڵ تۆمەتەکانی ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت ئەو زانیارییانەی کە گوایە داوییەتی بە کۆماری چیک سەرجەمییان زانیاری گشتی بوون و لە سەرچاوەی کراوەوە وەرگیراون.

لە ماوەی دادگاییکردنەکەیدا، تیمی یاسایی سافرۆنۆڤ لینکی 19 بابەت و بەیاننامەی بڵاوکراوەی حکومەتییان پیشاندا کە دادوەرەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن " نهێنی دەوڵەت " بوون و گوایە سافرۆنۆڤ داونی بە دەزگای هەواڵگری بیانی کۆماری چیک.

پارێزەرەکانی لە بەیاننامەیەکدا گوتییان " ئیڤان هەرگیز نهێنی دەوڵەتی بۆ هیچ شوێنێک نەناردووە، بە پارە یاخود بە خۆڕایی، ڕۆژنامەنووسێکی ئاسایی بوو، ڕاستگۆیانە کارەکەی خۆی دەکرد."

تیمەکەی سافرۆنۆڤ باوەڕییان وایە دادگاییکردنەکەی سافرۆنۆڤ تۆڵەسەندنەوە بووە لە سافرۆرنۆڤ کە پلانەکانی ڕووسیای بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری بە میسڕ ئاشکرا کردووە. گرێبەستە 2 ملیار دۆلارییەکەی بەزوویی هەڵوەشێندرایەوە دوای ئەوەی حکومەتی ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر میسڕدا کرد ئەگەر ئەو فڕۆکانە لە ڕووسیا بکڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG