Accessibility links

مانۆڕە سەربازییەکانی ڕوسیا وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەران دەکات


بەرپرسانی ناتۆ وتیان بە هێمنی و متمانەوە چاودێری گەورەترین مانۆڕی سەربازی ڕوسیا دەکەن، بەڵام زۆرێک نیگەرانن لەوەی دەڵێن ئەم مانۆڕە سەربازییانەی ڕوسیا بۆ ئەوەیە توانای خۆیان تاقیبکەنەوە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ڕۆژئاوا.

ناتۆ پێی وایە مانۆڕە سەربازییەکانی ڕوسیا کە ڕۆژی پێنجشەممە بە فەڕمی لە ڕوسیای سپی و دەریای باڵتیق و ڕۆژئاوای ڕوسیا و ناوچەی کالینینگرادی ڕوسیا دەست پێبکات ئێستا بەڕاستی دەستی پێکردووە. ناتۆ دەڵێت مانۆرە سەربازییەکان زۆر لەوە گەورەترە کە ڕوسیا ڕایگەیاندووە و ژمارەی هێزەکانی بەشدار لە مانۆڕەکەدا دەگاتە 100 هەزار و هەڵدانی موشەکی بالیستیکی تێدایە کە دەتوانن چەکی ناوەکیی هەڵبگرن.

سکرتێری گشتی ناتۆ ینس ستۆڵتنبێرگ هەفتەی ڕابردوو لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بنکەیەکی سەربازیی ئیستۆنیا کە هێزەکانی بەڕیتانیای لێیە وتی " ناتۆ هێشتا هێمنە و ئاگادارە."

بەڵام وەزیری بەرگری لیتوانیا ڕیمۆنداس کارۆبلیس زۆر گەشبین نەبوو سەبارەت بە مانۆڕە سەربازییەکانی ڕوسیا و ترسەکانی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئەم مانۆڕانە لەوانەیە ڕێگە بە ڕوسیا بدات هێزە سەربازییەکانی لە ڕوسیای سپی دراوسێ بەجێ بهێڵێت.

وەزیری بەرگری لیتوانیا بە ڕۆیتەرزی وت " ناتوانین بەتەواوەتی هێمن بین. ژمارەیەکی زۆر سەربازیی بیانی لەنزیک خاکی لیتوانیاوەیە."

هەندێک لە بەرپرسانی ڕۆژئاوا لەوانەش سەرۆکی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا جەنەڕاڵ بێن هۆدجز وتی ئەگەری ئەوە هەیە ڕوسیا مانۆرەکان وەکوو ئەسپی تەڕوادە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بچێتە ناو پۆڵەندا و ئەو ناوچانەوە کە بە ڕوسی قسە دەکەن لە وڵاتانی بەڵتیق.

لەلای خۆشیانەوە کرێملین هەموو پلانێکی لەوشێوەیە ڕەت دەکاتەوە و ڕوسیا دەڵێت نزیکەی 13 هەزار سەربازی روسیا و ڕوسیای سپی بەشدار دەبن لە مانۆڕەکاندا کە لەماوەی نێوان 14 بۆ 20 ی مانگی نۆدا ئەنجام دەدرێن.

مۆسکۆ دەڵێت ئەوە ڕۆژئاوایە کە هەڕەشە لە باری ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکات چونکە ناتۆ بەسەرکردایەتی ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر هێزی سەربازیی وڵاتانی لە پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵتیق جێگیرکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG