Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ شارەکانی ئۆکرانیا دەکاتەوە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند هێزەکانی ڕووسیا هێرشەکانیان لە هەندێک لە شارەکانی ئۆکرانیا ڕادەگرن و ڕێڕەوە مرۆییەکان دەکەنەوە تاوەکو هاوڵاتیانی مەدەنی دەگوازرێنەوە.

وەزارەتەکە وتیشی لەسەر داوای تایبەتی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕێڕەوەکان ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر 10 ی بەیانی بە کاتی مۆسکۆ لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و خارکیڤ و ماریوپۆڵ و سومی دەکرێنەوە.

بەپێی ئەو نەخشەیەی کە دەزگای هەواڵی RIA ڕووسی بڵاویکردۆتەوە، ئەو ڕێڕەوە مرۆییەی کە لە کیێڤ دەکرێتەوە دەچێتەوە سەر بێلاڕووس، هەروەها هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری خارکیڤ تەنها یەک ڕێڕەوییان دەبێت کە دەچێتەوە سەر ڕووسیا. ڕێڕەوەکانی ماریوپۆڵ و سومی دەچنەوە سەر شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا و ڕووسیا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ئەوانەی دەیانەوێت کیێڤ بەجێبهێڵن دەتوانن لەڕێی فڕۆکەوە بگوازرێنەوە بۆ ڕووسیا، وتیشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکاردەهێندرێن بۆ چاودێریکردنی گواستنەوەکان.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو " هەر هەوڵێکی ئۆکرانیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕووسیا و سەرانسەری جیهان، لەم کاتەدا سوودی نیە."

سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا " دەستیانکردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ." ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای پێشڕەوییە خاوەکانیان لە بێلاڕووسەوە بۆ کیێڤ.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن نزیکەی 200,000 کەس لە شاری ماریوپۆڵی سەر دەریای ڕەش گیرییان خواردووە، زۆرینەیان لە ترسی بۆردومانەکانی ڕووسیا لە ژێرزەمینەکان دەخەون، بۆردومانەکانی ڕووسیا بوونەتە هۆی ئەوەی خۆراک و ئاو و کارەبا و گەرمی نەگەنە دەستی هاوڵاتیانی شارەکە.

نزیکەی نیوەی 400,000 دانیشتووەکەی شارەکە وابڕیاربوو ڕۆژی یەکشەممە بگوازرێنەوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕێکەوتنی ئاگربەست هەڵوەشێندرایەوە، پلانی گواستنەوەی هاوڵاتیانیش پوچەڵکرایەوە. هاوکات هەردوولا یەکترییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بۆردومانکرد و تەقەکردن لە یەکتری.

بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیشیان ڕۆژی دووشەممە شاری میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا بۆردومان کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا 364 هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، زیاتر لە 20 منداڵیشیان تێدا بووە، ئاماژەشی بەوەدا سەدان هاوڵاتی دیکە برینداربوون.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا ڕاپۆرتی متمانەپێکرای بەدەست گەیشتووە لەسەر ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا بەبێ هیچ هۆکارێک هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، وتیشی سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانە هەڵدەگرن و دواتر لە ئەگەری ڕوودانی لێکۆڵینەوەیەک لە تاوانەکانی جەنگ بەکاریدەهێنن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی هۆشداریدایە ئەو ڕووسییانەی کە کردەوەی دڕندانەیان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە و وتی ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

زێلێنسکی وتی " بۆ ئێوە، جگە لەنێو گۆڕ هیچ شوێنێکی پارێزراوتان نابێت لەسەر زەوی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG