Accessibility links

شەش کەشتی جەنگی ڕووسیا بەمەبەستی مەشقکردن بەڕێکەوتوون بۆ دەریای ڕەش


کەشتی جەنگی کۆرۆلیڤی ڕووسی
کەشتی جەنگی کۆرۆلیڤی ڕووسی

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی لەزاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە شەش کەشتی جەنگی ڕووسی بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی لە دەریای ناوەندەوە بەڕێکەوتوون بۆ دەریای ڕەش.

مانگی ڕابردوو ڕووسیا ڕایگەیاند هێزی دەریایی وڵاتەکە مەشقێکی سەربازیی دەریایی گەورە ئەنجام دەدات کە سەرجەم کەشتیگەلە سەربازییەکانی لە دەریای هێمنەوە بۆ دەریای ئەتڵەسی بەشداری تێدا دەکەن. ئەمەش نوێترین پیشاندانی هێز دەبێت لەلایەن ڕووسیاوە لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ڕۆژئاوا لەسەر ئۆکرانیا زیاتر بوون.

سەرچاوە تورکییەکان وتیان شەش کەشتیە ڕووسیەکە وابڕیارە بە تەنگەکانی تورکیادا تێپەڕ ببن و بچنە دەریای ڕەشەوە.

هەریەک لە کەشتیەکانی کۆرۆلێڤ و مینسک و کالینینگراد بەشداری لە مەشقەکاندا دەکەن و وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە بە تورکیادا تێپەڕ ببن، ڕۆژی چوارشەممەش کەشتیەکان جیۆرجی پۆبیدۆنۆسێتس و ئۆلینگۆرسکی گۆرنیاک بە تەنگەکانی ئەو وڵاتەدا تێپەڕ دەبن.

ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە. ڕەتیشی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیا هەبێت، بەڵام کۆمەڵێک داواکاری ئەمنی ئاڕاستەی ڕۆژئاوا کردووە، لەوانەش داوایکردووە هاوپەیمانێتی ناتۆ هەرگیز ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا و هەروەها سیستمی موشەکی ڕەوانەی سنوورەکانی نزیک ڕووسیا نەکات و هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە.

لەڕووی یاساییەوە تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، دەتوانێت تەنگەکانی بەڕووی کەشتیەکانی ڕووسیادا دابخات ئەگەر ڕووسیا بەنیاز بێت هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.

شیکەرەوەیەکی جیۆسیاسیی تورکی لە ئیستانبوڵ، یۆروک ئیشک وتی " تورکیا مۆڵەتی ئەوەی پێدراوە لە کاتی جەنگدا تەنگەکانی بەڕووی کەشتیە بیانیەکاندا دابخات، یاخود لەکاتێکدا هەڕەشەی دوژمنکاری لەسەر بێت. هەروەها مۆڵەتی ئەوەی هەیە کەشتیە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتانە ڕەت بکاتەوە کە دژی تورکیا لە جەنگدان."

تورکیا کە سنوورێکی ئاوی لە دەریای ڕەش لەگەڵ ئۆکرانیا و ڕووسیادا هەیە، وتوویەتی هەر ململانێیەکی سەربازیی جێی قبوڵکردن نابێت و بە مۆسکۆی وتووە ئەنجامدانی هەر داگیرکارییەک کارێکی ژیرانە نابێت.

بەڵام سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشنیاری کردووە نێوەندگری بکات لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤدا. تورکیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەیە، بەڵام ئەردۆگان دەڵێت وەکو ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا ئەوەی پێویست بێت دەیکات.

لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا وتی چەند ڕۆژی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن لە گرژییەکاندا سەبارەت بە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG