Accessibility links

ڕووسیا هۆشداری دەداتە ڕۆژئاوا: دەتوانین مانگە دەستکردە ئاساییەکانتان بکەینە ئامانج


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت مانگە دەستکردە ئاساییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکرێت ببنە ئامانجێکی ڕەوا بۆ ڕووسیا ئەگەر دەستوەربدەنە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە.

ڕووسیا کە لە ساڵی 1957 دا یەکەم مانگی دەستکردی دروستکراو سپۆتنیک 1 ی هەڵدا بۆ بۆشایی ئاسمان و لە ساڵی 1961 دا یەکەم کەسی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، توانایەکی بەرچاوی هێرشکردنی هەیە لە بۆشایی ئاسماندا، بە هەمان شێوەی ئەمەریکا و چین. لە ساڵی 2021 دا ڕووسیا موشەکی دژە مانگی دەستکردنی هەڵدا بۆ لە ناوبردنی یەکێک لە مانگە دەستکردەکانی خۆی.

جێگری بەشی بڵاونەکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا کۆنستانتین ڤۆرۆنتسۆڤ بە نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵ دەدەن بۆشایی ئاسمان بەکاربهێنن بۆ پتەوکردنی باڵادەستی ڕۆژئاوا.

ڤۆرۆنتسۆڤ گوتیشی بەکارهێنانی مانگە دەستکردەکانی ڕۆژئاوا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە جەنگەکەدا " خواستێکی زۆر مەترسیدارە."

ڤۆرۆنتسۆڤ بە لیژنەی یەکەمی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت " ژێرخانی نیمچە مەدەنی ڕەنگە ئامانجێکی ڕەوا بن بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوە." وتیشی بەکارهێنانی ئەو جۆرە مانگە دەستکردانە لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا " کارێکی وروژێنەرانەیە."

گوتیشی " ئێمە باس لە بەکارهێنانی بەشەکانی ژێرخانەکانی بۆشایی ئاسمانی مەدەنی دەکەین لە ململانێ چەکدارییەکاندا، بە ژێرخانە ئاساییەکانیشەوە، لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە."

جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس، بوژاندنەوەی ئابووری جیهانی دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا خستە مەترسییەوە و بووە هۆی مەترسیدارترین ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیا لە دوای قەیرانی موشەکی کوباوە لە ساڵی 1962 دا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG