Accessibility links

ڕووسیا بۆ ڕۆژئاوا: ئارامیمان تاقی مەکەنەوە


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا

ڕۆژی پێنجشەممە ڕووسیا هۆشداریدایە ڕۆژئاوا و وتی هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر خاکی ڕووسیا وەڵامێکی توندی سەربازیی لێدەکەوێتەوە، هەروەها ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشی بە تۆمەتی مەترسی خستنەسەر ئاسایشی ئەوروپا تۆمەتبار کرد.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی دیکە. هەروەها مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورەی لەنێوان ڕووسیا و ئەمەریکادا دروست کردووە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی ئۆکرانیا کۆمەڵێک هێرشیان کردۆتەسەر هەرێمەکانی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا، هەروەها هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەوشەکە خراپتر دەکەن.

ئۆکرانیا ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دەڵێت ئەو ڕووداوانە تۆڵەسەندنەوەن، هاوکات ڕووسیا هۆشداریداوەتە بەڕیتانیا دوای ئەوەی بەڕیتانیا وتی شتێکی ڕەوایە بۆ ئۆکرانیا ئامانجە لۆجیستییەکانی ڕووسیا بکاتە ئامانج.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە ڕۆژئاوا، بە ئاشکرا داوا لە کیێڤ دەکەن هێرش بکاتە سەر ڕووسیا لەڕێی ئەو چەکانەوە کە لە وڵاتانی ناتۆوە وەریانگرتووە."

وتیشی " چیتر ئارامیمان تاقی مەکەنەوە."

کرێملن دەڵێت هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا دروست کردووە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " خۆی لە خۆیدا ئارەزووی ئەوەی چەک ڕەوانەی ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە بکەیت، کردەوەیەکن کە هەڕەشە لە ئاسایشی کیشوەرەکە دەکەن و دەبنە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە."

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ئەگەر ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر ڕووسیا بەردەوام بن ئەوا مۆسکۆ ناوەندەکانی بڕیاردان لە کیێڤ دەکاتە ئامانج، بەو ڕاوێژکارییە بیانیانەشەوە کە یارمەتی کیێڤ دەدەن و لەوێن.

زاخارۆڤا وتی " کیێڤ و پایتەختەکانی ڕۆژئاوا دەبێت بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بەجددی وەربگرن لەسەر ئەوەی هاندانی زیاتری کیێڤ بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا، بەدڵنیاییەوە ڕووبەڕووی وەڵامێکی توندی ڕووسیا دەبێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG