Accessibility links

ڕووسیا هۆشداری دەداتە ئۆکرانیا لەبارەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا


ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دا کە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی تورکیا لە لایەن سوپای ئۆکرانیا وە دەبێتە ئاڵۆزترکردنی ناکۆکییەکانی ناوخۆی ئۆکرانیا.

ئەم هۆشداریە دوای ئەوە هات کە کیێڤ بۆ یەکەمجار گرتەیەکی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت سوپاکەی ئەو دڕۆنانە بەکاردەهێنێت دژی جوداخوازەکانی سەر بە کرێملین.

ئۆکرانیا لە ساڵی 2014ەوە لە جەنگدایە دژی ئەو چەکدارانەی کە ڕووسیا پشتیوانیان دەکات لە سنووەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. لە هەمان ساڵدا، حکومەتی ڕووسیا هەرێمی کریمیای ئۆکرانی لکاند بە وڵاتەکەوەیە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیران لە ناوچەکە و سەپاندنی سزاکان بە سەریدا لەلایەن وڵاتانی خۆرئاوا.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا درەنگانێکی رۆژی سێشەممە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاند کە بۆ یەکەم جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی جۆری TB2 Bayraktar بەکار هێناوە بۆ بە ئامانجکردنی تۆپخانەی چەکدارانی سەر بە ڕووسیا.

دیمیتری پێسکۆف، وتەبێژی کرملین، ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند، "ئێمە پێشتر پەیوەندی تایبەتی و باشمان لەگەڵ تورکیادا هەبووە بەڵام ئەم پرسە، بەداخەوە، نیگەرانیەکانمان پشتڕاستدەکاتەوە لەوەی کە گەیاندنی ئەو جۆرە چەکانە بە سوپای ئۆکرانی دەتوانێت سەقامگیری بارودۆخەکە لە بەرەکانی جەنگدا تێکبدات."

پێشبینی دەکرێت بەکارهێنانی ئەو درۆنانە کاریگەری گەورە دروستبکەن لە گۆڕەپانی ململانێکە کە ساڵانێکە بەردەوامە.

شایەنی باسە، ساڵی ڕابردوو ئازەربایجان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی بەکارهێنا بۆ زاڵبوون بەسەر سوپای ئەرمەندا لە ناگۆرنۆ کاراباخ و یەکلاییکردنەوەی ئەو شەڕە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە. هەروەها پێشتر درۆنی تورکی لە شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا و لیبیادا بەکارهێنراوە.

ئۆکرانیا پێشتر ئەم درۆنانەی لە تورکیا كڕیوە و لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە پلانی هەیە خۆی دەست بە دروستکردنیان بکات.

فرۆشتنی فڕۆکەکان بە ئۆکڕانیا پەیوەندیـیەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا ئاڵۆزتر دەکات لە کاتێکدا کە ڕووسیا قورسایی سیاسی خۆی خستۆتە سەر هێزە جوداخوازەکانی ئۆکرانیاوە.

مۆسکۆ و ئانکەرە لە ڕووی بەرگریـیەوە هەماهەنگیەکی نزیکیان هەیە، بە کێشەکانی سوریا و لیبیا شەوە. وە پێشتر تورکیا چەکی لە ڕووسیا کڕیوە، لەوانە سیستمی بەرگری موشەکی ئێس -400.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند ڕووسیا لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتانە دەکات کە ئاماژە بەوە دەکەن ئۆکرانیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بەکارهێناوە.

لاڤرۆڤ گوتی، "ئەمە دەبێت ئەو لایەنانە ڕاگرێت کە سەکۆ دەدەن بە داواکارییە سەرسەختەکانی ئۆکرانیا بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە هاوپەیمانی ناتۆ قبوڵ بکرێت."

شایەنی باسە کە چاودێرانی نێودەوڵەتی لە ئێستادا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنن بۆ راپۆرتکردنی هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. ئەو چاودێرانە بەم دواییانە ڕایانگەیاندووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان دووچاری لەکارخستن دەکرێنەوە.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG