Accessibility links

ڕووسیا هۆشداری دەداتە دانیشتوانی کیێڤ


ڕووسیا هۆشداریدایە دانیشتوانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و وتی دەبێت هەڵبێن، هاوکات هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانێکی چڕی شاری خارکیڤیان کرد و هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەو ناوچانەی کە دانیشتوویان تێدایە چڕتر کردەوە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی کاروانە سەربازییە گەورەکەی ڕووسیا کە بەرەو کیێڤ دەجوڵا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هیچ پێشڕەوییەکی نەکردووە، بەهۆی کێشە لۆجیستیکییەکانەوە وەستاون و ڕووبەڕووی کەمی سوتەمەنی و خۆراک بوونەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێزەکانیان بۆردومانی ئەو ئامانجانە دەکەن لە کیێڤ کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیاوە بەکاردەهێندرێن، هەروەها بۆردومانی شوێنی پەیوەندییەکانیانیش دەکەن. وەزارەتەکە هۆشداریدایە دانیشتوانی نزیک ئەو شوێنانە تاوەکو ماڵەکانیان جێبهێڵن و هەڵبێن، بەڵام هیچ زانیارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی ئەو ئامانجانە لە کوێی شاری کیێڤدان کە سێ ملیۆن هاوڵاتی تیادا دەژی.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی " سەرەتا دەبێت ڕووسیا بۆردومانەکانی ڕابگرێت پێش ئەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی ئەنجام بدرێن."

هەروەها داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد ناوچەی دژە فڕین لە ئاسمانی ئۆکرانیادا دابمەزرێنن تاوەکو هێزی ئاسمانی ڕووسیا ڕابگرن، بەڵام هاوپەیمانێتیەکەی بەدووریزانی ئەو کارە ئەنجام نەدات.

لەکاتێکدا زیلینسکی قسەی دەکرد، هەواڵی ئەوە هات کە موشەکێکی ڕووسی تاوەرێکی تەلەفیزیۆنی کردۆتە ئامانج لە نزیک میمۆڕیاڵێکی هۆڵۆکۆست لە کیێڤ و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ئانتۆن هێراشچینکۆ وتی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر شاری خارکیڤ لانی کەم 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 35 کەسی دیکە برینداربوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG