Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت سەرەڕای دەرکردنی دیبلۆماتکارانی دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا بهێڵێتەوە


جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئالیکساندەر گروشکۆ

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئالیکساندەر گروشکۆ وتی ڕووسیا دەیەوێت پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا بپارێزێت، ئەمەش سەرەڕای دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسییەکان لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە.

کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپی وەکو فەڕەنسا و بەلجیکا و هۆڵەندا و ئیتاڵیا لەمدواییانەدا ژمارەیەکی زۆر لە دیبلۆماتکارانی ڕووسییان لە وڵاتەکانیان دەرکردووە.

دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسییەکان دوای ئەوە هات هەواڵی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و دۆزینەوە گۆڕی بە کۆمەڵ لە شارۆچکەی بوچای ئۆکرانیا بڵاوبۆوە، ئەوەش دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە شارۆچکەکەدا.

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئالیکساندەر گروشکۆ بە دەزگای هەواڵی ئیتەرفاکسی وت ڕووسیا کە بەڵێنیداوە وەڵام بداتەوە، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەکات بۆ دەرکردنی دیبلۆماتکارانی ڕووسیا.

وتی " بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستی ئێمە بەدڵنیاییەوە وەکو خۆی دەمێنێتەوە، ئێمە دەمانەوێت کەناڵە دیبلۆماتییەکان بەکراوەیی بمێننەوە."

گروشکۆ وتی تێکدانی کارەکانی دیبلۆماتکارانی ڕووسیا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە زیان بە بەرژەوەندی ئەوروپا خۆی دەگەیەنێت و هۆشداریشیدا دژی هەر کارێک کە دژی کالینینگرادی ڕووسیا ئەنجام بدرێت، کە دەکەوێتە نێوان پۆڵەندا و لیتوانیاوە.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا لە زاری گروشکۆوە بڵاویکردەوە " بەڕاستی هیوادارم ئەوروپا ڕێگە نەدات هیچ یارییەک لە دەوروبەری کالینینگراد دەستپێبکات. پێم وایە زۆرێک لەوە تێگەیشتوون کە ئەمە یاریکردن دەبێت بە ئاگر."

گروشکۆ وتیشی ڕووسیا " هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ناتۆدا نیە."

وتیشی " هیچ شتێک نیە لەگەڵ ناتۆدا تاوتوێی بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG