Accessibility links

ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە بابەتی نیمچە دورگەی کریمە لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و پـوتن تاووتوێبکرێت


کرێملین دەڵێت ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا و دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شیانی هەیە لە میانەی کۆبوونەوەکەیان کە بڕیارە لە 16 ی ئەم مانگە لە هێلسنکی سازبکرێت تاووتوێی هەموو بابەتێک بکەن جگە لە مەسەلەی نیمچە دورگەی کریمە نەبێت.

دیمیتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرێمیلن ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، ڤلادیمیر پـوتن چەندان جار دووپاتیکردووەتەوە کە ناکرێت و نابێت کریمە لە نێو کارنامەی وتووێژەکاندا بێت، چونکە بەشێکە لە ڕووسیا.

گوتیشی بابەتەکانی دیکەی هەن دەکرێت وتووێژیان لەسەر بکرێت و خاڵی هاوبەشیان بۆ بدۆزرێنەوە.

پـێسکۆڤ باسی لەوەش کرد سەرەڕای ناکۆکیـیەکانی لە نێوان مۆسکۆ و واشنتن هەن لەسەر چەندان بابەت، بەڵام خواستی چارەسەری سیاسی هەر هەبووە و لێکتێگەیشتن ڕوو لە زیادبوونە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەممە سەرۆک ترامپ لە وەڵامی پـرسیارێکی ڕۆژنامەوانان کە ئایا واشنتن بەنیازە چیتر ناڕەزایی دەرنەبڕێت لە بەرامبەر داگیرکردنی ڕووسیا بۆ کریمەی ئۆکرانیا، گوتی "با چاوەڕێ بکەین و ببینین."

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی 2014 ی ئۆکرانیا، ڕووسیا دەستیگرت بەسەر نیمچە دورگەی کریمەی ئۆکرانیا و پاشان لە 18 ی مانگی سێی ساڵی 2014 ڕیفراندۆمێکی لێ سازکرد و خستیە سەر وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG