Accessibility links

ڕووسیا دەنگی ئەمەریکا و چەند میدیاکی دیکە بە بەکرێگیراوی بیانی ناودێردەکات


وەزارەتی دادی ڕووسیا 9 دەزگای ڕاگەیاندنی ئەمەریکایی، لەوانە "دەنگی ئەمەریکا" بە بەکرێگیراوی بیانی ناودێرکرد، ئەمەش پاش ئەوەی ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا یاسایەکی واژوکرد کە ڕێگە دەدات دەزگای ڕاگەیاندنی بیانی بەو دەستەواژەیە ناودێربکرێن.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیانـنامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی دەنگی ئەمەریکا Voice of America و ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد Radio Free Europe/Radio Liberty کە دەوڵەتی ئەمەریکا پارەیان بۆ دابین دەکات لەگەڵ حەوت دەزگای ڕاگەیاندنی دیکەی سەر بەوان، ناودێردەکرێن بەوەی کاری بەکرێگیراوی بیانی ئەنجام‌دەدەن.

ڕووسیا دەڵێت ئەم هەنگاوەی کاردانەوەیە لە بەرامبەر بڕیارێکی پـێشتری ئەمەریکا کە تیایدا دەزگای ڕاگەیاندنی" ڕووسیای ئەمڕۆ RT "، ئەوەی کرملێن پارەی بۆ دابین دەکات، تۆمارکراوە وەک بەکرێگیراوی بیانی.

مانگی ڕابردوو پـوتن یاسایەکی واژوکرد کە ڕێگە بە دەزگا پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی دەدات میدیاکان بەو دەسـتەواژەیە ناوێردبکرێن.

کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ مەترسیان هەیە ئەم یاسایە ببێتە کۆسپ لە بەردەم ئامادەکردنی ڕاپـۆرت و هەواڵی بێ لایەن لە ڕووسیادا.

دەنگی ئەمەریکا و ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد لەوەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێتەوە، هەتا ئێستا ڕۆڵێـکی گەورەیان هەبووە لە پەخشکردنی ڕاپـۆرت و هەواڵی بێ لایەن بۆ خەڵکی ڕووسیا.

XS
SM
MD
LG