Accessibility links

ڕووسیا بەرپرسی دووەمی ئەمەریکا لە وڵاتەکە دەردەکات


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕووسیا
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕووسیا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ڕووسیا بارت گۆرمانی بەرپرسی دووەمی ئەمەریکای لە ڕووسیا دەرکردووە، واشنتنیش هۆشداری دەدات لەسەر وەڵامدانەوەی ئەمەریکا، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادایە لەسەر ئۆکرانیا.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی گۆرمان کە وەکو جێگری سەرۆکی شاندەکەی ئەمەریکا لە ڕووسیا کاری دەکرد، هەفتەی ڕابردوو ڕووسیای جێهێشتووە. هێشتا نەزاندراوە بۆچی دەرکردنەکە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ئاشکرا نەکرا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " کارەکەی ڕووسیا دژی جێگری سەرۆکی شاندەکەمان کارێکی خراپ بووە و ئەمە وەکو زیادکردنێکی گرژییەکان دەبینین و تاوتوێی وەڵامی خۆمان دەکەین."

هێشتا نەزاندراوە ڕووسیا هۆکاری چی بووە بۆ دەرکردنی بەرپرسەکەی ئەمەریکا، بەڵام لەکاتێکدایە کە ڕووسیا زیاتر لە 150,000 سەربازی لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیر کردووە.

بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشدارییانداوە لەسەر ئەوەی مەترسی ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هێشتا زۆرە و ڕووسیا پێدەچێت پاساوێک بهێنێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ دەڵێت هەندێک لە هێزەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە.

گۆرمان کە دووەم بەرپرسی باڵای باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بووە لە مۆسکۆ، پێشتر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەکان و شیکردنەوەیان، سەرپەرشتی و چاودێری هەڕەشەکانی دژ بە دیبلۆماتکارەکانی ئەمەریکا کردووە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی گۆرمان ڤیزاکەی بەسەر نەچووە و بۆ ماوەی کەمتر لە سێ ساڵ لە ڕووسیا بووە.

وتیشی " داوا لە ڕووسیا دەکەین کۆتایی بە دەرکردنە بێ بنچینەکانی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا و کارمەندەکانی بهێنێت و بەشێوەیەکی بونیادنەرانە کاربکات بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەرکە دیبلۆماتیەکانمان. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگە کە دوو وڵاتەکەمان دیبلۆماتکاریی پێویستیان هەبێت بۆ ئاسانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو حکومەتەکەمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG