Accessibility links

ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە یارمەتی تاڵیبانی ئەفغانستانی دابێت


ڕوسیا لێدوانەکانی سەرکردەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان ڕەت دەکاتەوە کە گوایە مۆسکۆ پشتیوانی لە تاڵیبان دەکات و چەکی دەداتێ، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆدا.

لە چاوپێکەوتنێکیدا هەفتەی پێشوو لەگەڵ ڕادیۆی بی بی سی بەڕیتانیدا ،جەنەڕاڵ جۆن نیکڵسن وتی ڕوسیا هەوڵدەدات هەوڵەکانی ئەمەریکا لەناوبەرێت لە ئەفغانستاندا سەرەڕای ئەوەی بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکاندا، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا ڕوسیا یارمەتی دارایی و چەک پێشکەشی تاڵیبان دەکات.

وتیشی " چەکمان بۆ هاتووە بۆ ئەم بنکەیە لەلایەن سەرکردەکانی ئەفغانەوە و وتوویانە ڕوسەکان داویانە بە تاڵیبان."

لە بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە کابوڵدا هاتووە دەڵێت " ئەو لێدوانانە قسەی بێمانان" و جەختی لەوەش کردەوە بەرپرسانی ڕوسیا ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەنەوە.

هەروەها دەشڵێت " جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ئەم لێدوانانە هیچ بنەمایەکیان نیە و داوا لە بەرپرسەکان دەکەین چیتر قسەی بێمانا دووبارە نەکەنەوە."

جێی ئاماژەیە سەرکردەکانی سوپای ئەمەریکا بە نیکڵسنیشەوە چەند جارێک لە ماوەی ساڵێکدا وتوویانە لەوانەیە ڕوسیا چەک بداتە تاڵیبان سەرەڕای ئەوە هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە نیە ئەوە بسەلمێنێت.

بەڵام لێدوانەکان نیکڵسن زۆر ڕاستەوخۆ بوون و وەکو لێدوانەکانی پێشتری نەبوون، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕوسیادا بەهۆی ئەو هەوڵەوە کە درا بۆ ژەهراویکردنی سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە بەڕیتانیا.

بەرپرسانی ڕوس وتیان پەیوەندییە سنووردارەکانی نێوان ئەوان و تاڵیبان تەنها بۆ ئەوە بووە هانی تاڵیبان بدەن بچنە ناو دانوستانەکانی ئاشتیەوە و گرەنتی پارێزراوی هاوڵاتیانی ڕوسی بدەن. مۆسکۆ یارمەتی خۆی پێشکەش کردووە لە ڕێخکستنی دانوستانەکانی ئاشتیدا لە ئەفغانستان.

بەرپرسانی تاڵیبان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان وتووە تاڵیبان لە ساڵی 2007 ەوە پەیوەندییەکی گرنگیان هەیە لەگەڵ ڕوسیادا، بەڵام ئاماژەشیان بەوەدا کە ڕۆڵی ڕوسیا تەنها لەڕوویی پشتیوانی مەعنەویی و سیاسییەوە بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG