Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە ڕوسیا دەکات ڕوونکردنەوە بدات سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەربازێکی پێشووی ئەمەریکا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی ئەمەریکا داوا لە ڕوسیا دەکات ڕوونکردنەوەیەک بدات سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەربازێکی خانەنشینکراوی ئەمەریکا لە مۆسکۆ بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و داواش دەکات بەزووترین کات ئازاد بکرێت ئەگەر ڕوون ببێتەوە دەستگیرکردنەکەی بەبێ هیچ هۆکارێک بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا نوێنەری ئەمەریکا لە ڕوسیا جۆن هانتسمان سەردانی پیاوە دەستگیرکراوەکە پۆڵ ویلانی کردووە و بە تەلەفون قسەی لەگەڵ خێزانەکەیدا کردووە. ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە دواکەوتنی گەیشتنی ویلان کە ڕۆژی هەینی دەستگیرکراوە.

پەمپیۆ وتی " بۆ ڕوسەکانمان ڕوونکردەوە پێشبینی ئەوە دەکەین وردەکاری زیاترمان لەسەر تۆمەتەکە پێبڵێن و ڕاستی ئەوە بزانین کە بە چی تۆمەتبار کراوە، ئەگەر دەستگیرکردنەکەی نایاسایی بێت ئەوا بەزووترین کات داوای گەڕاندنەوەی دەکەین."

دەزگای هەواڵی ڕوسیا لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە ڕوسیا ڕێگەیداوە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ڕوسیا قسە لەگەڵ ویلاندا بکات. دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ڕوسیا ڕۆژی هەینی ویلانی دەستگیرکرد و دۆسییەیەکی تاوانی دژی ویلان کردەوە.

خێزانی سەربازە دەستگیرکراوەکە وتیان ویلان بۆ ئامادەبوونی لە ئاهەنگی هاوسەرگیری هاوڕێیەکیدا چووە بۆ مۆسکۆ و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون دوورن لە ڕاستییەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG