Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت ئەمەریکا هەوڵ دەدات نیمچە دەوڵەتێک لە سوریا دابمەزرێنێت


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت ئەمەریکا هەوڵدەدات نیمچە دەوڵەتێک لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دروستبکات بە یارمەتی هاوپەیمانانی لە سوریا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕووسیا دەڵێت سێرگێی لاڤرۆڤ لە لێدوانیدا بۆ ئاژانسەکەی و چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی فەڕەنسایی، گوتویەتی ئەمەریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوپەیمانە سوریایـیەکانیـیەوە و لە پـێش هەموویانەوە کوردەکان، نیمچە دەوڵەتێک دروستبکات لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، ئەمەش کارێکی ناڕەوایە.

گوتوشیەتی ئەمەریکایـیەکان دامودەزگاکانی دەسەڵات لەو ناوچانە پـێکدەهێنن تاوەکو شوێنی دامودەزگاکانی حکومەتی سوریا بگرنەوە و هەروەها کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و نیشتەجێکردنیان، بەڵام لە هەمان کاتدا نە ئەمەریکا و نە فەڕەنسا و نە هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوایی خوازیار نین ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بگەڕێنەوە.

لاڤرۆڤ مەترسی خۆی نیشان داوە لەوەی بە گوتەی خۆی" ڕەنگە ئەمەریکا سەرلەنوێ بچێتە نێو سەرکێشیـیەکی مەترسیدار لە کوردستانی عێراق و بیرۆکەی ئەوەی پـێی دەڵێن کوردستانی گەورە."

ئەم لێدوانەی لاڤرۆڤ پاش ئەوە دێت کە مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی کوردەکانی سوریا قسەیان لە ئایندەی سوریادا هەبێت.

XS
SM
MD
LG