Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت پێدانی فڕۆکەی ئێف - 16 بە ئۆکرانیا پرسیار لەسەر دەستوەردانی ناتۆ دروست دەکات


دیبلۆماتکارانی باڵای ڕووسیا دەڵێت پێدانی فڕۆکەی ئێف - 16 بە ئۆکرانیا پرسیار لەسەر ڕۆڵی ناتۆ لە ململانێکەدا دروست دەکات و ئامانجە سەربازییەکانی ڕووسیا ناخاتە مەترسییەوە.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پشتیوانی خۆی ڕاگەیاند بۆ پڕۆگرامەکانی پێدانی مەشق بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف - 16 ، هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بایدنی دڵنیا کردەوە لەوەی فڕۆکەکە لە ناو ڕووسیادا بەکارناهێندرێت.

باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمەریکا ئەناتۆلی ئانتۆنۆڤ وتی " هیچ ژێرخانێک نیە بۆ کارپێکردنی ئێف – 16 لە ئۆکرانیادا و ژمارەی پێویستی فڕۆکەوان و کارمەندانی چاککردنەوەشیان نییە."

وتی " چی ڕوودەدات ئەگەر فڕۆکە شەڕکەرە ئەمەریکییەکان لە بنکە ئاسمانییەکانی ناتۆوە بفڕن و لەلایەن خۆبەخشە بیانییەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن؟"

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە هەر گواستنەوەیەکی فڕۆکەی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا " بە دڵنیاییەوە بێ مانا و ناژیرانە دەبێت."

ڕیابکۆڤ وتی " ئەم هەوڵانە بە تەواوەتی بێسوود و بێ مانان، تواناکانمان بەشێوەیەکن کە سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە بە دەستدەهێنین."

ئانتۆنۆڤ وتی هەر هێرشێکی ئاسمانی ئۆکرانیا بۆ سەر کرایمیا وەکو هێرشکردن بۆ سەر ڕووسیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئانتۆنۆڤ وتی " گرنگە ئەمەریکا بە تەواوەتی ئاگاداری وەڵامدانەوەی ڕووسیا بێت."

ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە ڕووسییەکان بە تایبەتی لە نیمچە دوورگەی کرایمیا زیاتر کردووە، کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 دا لکاندی بە ڕووسیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG