Accessibility links

لاڤرۆڤ داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات یارمەتیدەر بێت لە ئاسانکردنی هەناردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکانی ڕووسیادا


ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد یارمەتیدەر بێت لە جێبەجێکردنی چەند بەشێکی ڕێکەوتنەکەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا کە نیاز لێیان ئاسانکردنی هەناردەکردنی خۆراک و پەینی ڕووسیایە. نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەندگری کردووە لە ڕێکەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە ڕێی دەریای ڕەشەوە.

هاوکات دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە بەشداریکردنی لە ڕێکەوتنەکەدا ڕاگرت، ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە بەشداریکردنی لە ڕێکەوتنەکەدا دەستپێکردەوە، بەپێی ڕێکەوتنەکە، گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەسەر دەریای ڕەش هەناردەی دەرەوە دەکرێن کە پێشتر بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە گەمارۆ درابوون.

ڕێکەوتنەکە لە 19 ی مانگی یانزەدا بەسەردەچێت و مۆسکۆ ڕوونی کردۆتەوە کە باوەڕی بەوە نیە کارێکی تەواو کرابێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ڕووسیا بتوانێت بەرهەمە خۆراکی و پەینەکانی خۆی هەناردەی دەرەوە بکات.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە عەمانی پایتەختی ئوردون گوتی " هێشتا هیچ ئەنجامێکمان نەبینوە سەبارەت بە بەشی دووەم: لابردنی ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم هەناردەکردنی گەنم و پەینی ڕووسیادان."

گوتیشی " جارێکی دیکە داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەینەوە دڵنیا بێتەوە لەوەی تەواوی ئەو بەرپرسیارێتییانە جێبەجێ بکات کە لە ڕێکەوتنەکەی ئەودا باس کراون." گوتیشی بارودۆخەکە پێویستی بەوەیە " لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا چارەسەر بکرێت."

گوتیشی " ئەگەر باس لە قەبارەی ئەو پەین و گەنمانە بکەین کە هەیە، ئەوا ئەو بڕە گەنم و پەینەی ڕووسیا هەیەتی زۆر زۆر زیاترە لەوەی کە ئۆکرانیا هەیەتی."

سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا ڕاستەوخۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ڕووسیای نەکردۆتە ئامانج، بەڵام مۆسکۆ دەڵێت بەهۆی سزاکانی سەر دارایی و لۆجیستیکی و کەرتەکانی بیمەی ڕووسیاوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەربەست دروست بووە لەسەر توانای ڕووسیا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG