وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵیانداوە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بگرن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە و " ڕێوشوێن گیراوەتەبەر " بۆ لەناوبردنی هێزەکانی ئۆکرانیا، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی سەربازیشەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا گوتی 60 سەربازی ئۆکرانی بە ڕووباری دنیپرۆدا پەڕیونەتەوە، ڕووباری دنیپرۆ ئەو دوو ناوچەیە لەیەکتر جیا دەکاتەوە کە یەکێکیان لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادایە و ئەوی دیکەیان لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادایە. وتیشی ئەرکەکەی ئۆکرانیا " کارێکی وروژێنەر " بووە و ئامانج لێی تێکدانی سەردانەکەی تیمی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بووە بۆ وێستگەکە.
هەروەها ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بۆردومانکردنی شوێنی کۆبوونەوەکەی شاندەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی و وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا خۆشی.
ئۆکرانیا گوتی ئەوە هێزەکانی ڕووسیا بوون بۆردومانی وێستگەکەیان کردووە، سەرۆکی ستافی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ڕووسیای بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ " تێکدانی " ئەرکەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی تۆمەتبار کرد. کارمەندێکی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا وتی بەهۆی بۆردومانەکانەوە یەکێک لە ڕیاکتەرەکانی وێستگەکە کوژاوەتەوە.
پەیامنێرێکی ڕۆیتەرز لە شارۆچکەی ئینەرهۆدار کە وێستگە ناوەکییەکەی تێدایە، گوتی ڕۆژی پێنجشەممە چالاکییە سەربازییەکان لە شارۆچکەکەدا زیادییان کردووە، سەربازانی ڕووسی ڕایانکردووە و کۆپتەرەکانی ڕووسیاش لە پێشیانەوە ڕۆیشتوون و بۆردومانی ئامانجەکانیان کردووە. پەیامنێرەکە وتی بینایەکی نیشتەجێبوون بۆردومان کراوە، خەڵکەکەش ناچار بوون لە ژێرزەمینەکاندا خۆیان حەشار بدەن.
دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لە زاری بەرپرسێکی سەر بە ڕووسیاوە لە ناوچەکەدا بڵاویکردەوە هێزەکانی ئۆکرانیا یەک بۆ دوو کیلۆمەتر لە وێستگە ناوەکییەکەوە دابەزیون.
ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە. ئامانج لە ئەرکەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیش لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا هەڵسەنگاندنە بۆ ئەو زیانانەی کە بەر وێستگەکە کەوتوون.
لە مانگی سێدا هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی وێستگەکەیان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن کارمەندان و ئەندازیارانی ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبرێت. هەروەها دەکەوێتە نزیک لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەوە و چەند جارێکیش لەم هەفتانەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بۆردومانکردن بۆتەوە، ئەوەش نیگەرانی ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی لێکەوتۆتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز