Accessibility links

لانیکەم 50,000 ڕووسیایی لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا کوژراون


دەزگایەکی میدیایی سەربەخۆی ڕووسیا لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا زیاتر لە 50,000 سەربازیی ڕووسیایی کوژراون، دەشڵێت باوەڕوایە دەیان هەزاران کەسی دیکەش مردبێتن.

دەزگای میدیازۆنا کە لەگەڵ بی بی سیدا چاودێری کوژرانەکان لە نێو هێزەکانی ڕووسیادا دەکات لە جەنگەکەدا و زانیارییەکانییان لە ڕێی سەرچاوە ئاشکراکانەوە وەردەگرن، لە نوێترین ڕاپۆرتدا ڕایگەیاندووە 50,471 سەربازی سوپای ڕووسیا لە جەنگەکەدا کوژراون.

بەپێی میدیازۆنا، زیاتر لە 85,000 ئەندامی سوپای ڕووسیا کوژراون، ئەوەش بە پشتبەستن بە ژمارەی تۆماری نیشتەجێبوونی میرات بۆ سەربازە کوژراوەکان.

میدیازۆنا نوسیویەتی " ناوی زیاتر لە 3,300 ئەفسەری سوپا و ئەندامانی دیکەی هێزەکانی ئاسایش دەزانین. 390 کەسییان پلەی موقەدەم و بەرزترییان هەیە."

دەشڵێت " ژمارەی ڕاستەقینەی مردنەکان بەپێی تۆماری دۆسییەکانی میرات ژمێردراون و تاوەکو 15 ی مانگی سێی ساڵی 2024 ژمارەکە نزیکەی 85,000 کەس بووە."

دەزگاکە وتیشی ڕووسیا لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە تانک و ئوتومبێلە زریپۆشەکانی گواستنەوەی سەربازەکان و یەکەکانی تۆپهاوێژی لە دەستداوە، ژمارەی کوژراوەکان لەم لە دەستدانانەی دواییدا لەم ڕاپۆرتە نوێیەدا هەژمار نەکراون.

میدیازۆنا دەڵێت ڕووسیا هەفتانە نزیکەی 1200 سەرباز لە دەست دەدات، زۆربەی قوربانییەکانیش لە هەرێمەکانی کراسنۆدار و باشککۆتۆستانی ڕووسیان.

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت سوپای ڕووسیا لە جەنگەکەدا 451,730 قوربانیی هەبووە، بە مردن و برینداربوونیشەوە، هاوکات هەواڵگری ئەمەریکا و بەڕیتانیا دەڵێن قوربانییەکان لە نێو سوپای ڕووسیادا 300,000 ی تێپەڕ کردووە.

کیێڤ دەڵێت زیاتر لە 180,000 سەربازی ڕووسیایی کوژراون.

ڕووسیا بە دەگمەن ژمارەی قوربانییەکان لە نێو سوپاکەیدا بڵاودەکاتەوە، لە حەوتەیەمین مانگی جەنگەکەدا وتی کەمتر لە 6000 سەرباز کوژراون.

ئۆکرانیا دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا 31,000 سەربازی وڵاتەکەی کوژراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG