Accessibility links

بەرپرسێکی ڕووسیا دەڵێت ئەگەر ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆدا ئەوا ململانێکە پەرەدەسەنێت بۆ جەنگی جیهانی سێیەم


بەرپرسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا دەڵێت ئەگەر ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا ئەوا ململانێکەی ناو ئۆکرانیا بە گرەنتی پەرە دەسەنێت بۆ جەنگی جیهانی سێیەم.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی لە 30 ی مانگی نۆدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ناکاو بە فەڕمی داوای ئەندامێتی کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ئەندامێتی تەواوەتی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا زۆر دوورە، ئەوەش لەبەر ئەوەی دەبێت سەرجەم 30 وڵاتەکەی ئەندام تیایدا پەسەندی بکەن.

دەزگای هەواڵی تاس لە زاری جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا ئالیکساندەر ڤێنیدیکتۆڤەوە بڵاویکردەوە " کیێڤ زۆر بە باشی دەزانێت ئەو جۆرە هەنگاوە دەبێتە هۆی پەرەسەندن بۆ جەنگی جیهانی سێیەم."

ڤێنیدیکتۆڤ گوتی پێی وایە داواکەی ئۆکرانیا بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا تەنها پڕوپاگەندەیە و ڕۆژئاواش لە دەرەنجامی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا تێگەیشتووە.

گوتی " وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ خۆیان لە خۆکوژیی ئەو جۆرە هەنگاوە تێگەیشتوون."

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن چەند جارێک دژایەتی خۆی دەربڕیوە بۆ پەرەسەندنی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG