Accessibility links

مێدڤیدیڤ: ڕووسیا ناتوانێت جەنگەکە ڕابگرێت تەنانەت ئەگەر ئۆکرانیا دەستبەداری هیواکانی بێت بۆ چوونەپاڵ ناتۆ


دمیتری مێدڤیدیڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا

هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت مۆسکۆ هەڵمەتە سەربازییەکەی لە ئۆکرانیا ڕاناگرێت تەنانەت ئەگەر ئۆکرانیا بە فەڕمیش دەستبەرداری هیواکانی بێت بۆ چوونەپاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ.

سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ کە لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیایە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی فەڕەنسیدا وتی ڕووسیا ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا ئەنجام بدات، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراوەوە.

تەنانەت پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە مانگی دوودا، مۆسکۆ ئەوەی ڕوون کردبۆوە کە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ جێی قبوڵکردن نیە.

بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا، مێدڤیدیڤ بە کەناڵی ئێڵ سی ئای گوتووە " ئێستا پاشەکشە کردن لە هەوڵەکانی بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ زۆر گرنگە، بەڵام چیتر کاریگەریی نابێت بۆ خستنەوەی ئاشتی."

گوتیشی ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتەکەی تاوەکو ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت. پوتن دەڵێت دەیەوێت " نازییەکانی ئۆکرانیا " لەناوببات. کیێڤ و ڕۆژئاواش دەڵێن ئەمانە هەمووی پاساوێکن بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.

ڕووسیا و ئۆکرانیا لە قۆناغەکانی سەرەتای داگیرکارییەکەدا چەند جارێک گفتوگۆیان ئەنجامدا، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێک بەرەو ئاشتی ڕووینەدا.

مێدڤیدیڤ گوتی " ئەم گفتوگۆیانە پەیوەست دەبن بەوەی ڕووداوەکان چۆن دەبن. ئێمە پێشتر ئامادە بووین زێلێنسکی ببینین."

گوتیشی ئەو چەکانەی کە ئەمەریکا دەیدات بە ئۆکرانیا، لەوانەش سیستمی موشەکی هیمارس، تاوەکو ئێستا نەبوونەتە هەڕەشەیەکی هەستپێکراو.

گوتی بەڵام ئەگەر ئەمەریکا جۆرە چەکێکی دیکە بدات بە ئۆکرانیا کە مەودایەکی درێژتری هەبێت ئەوا دەکرێت ئەمە بگۆڕدرێت.

گوتیشی " جۆرە موشەکێک 70 کم بڕوات ئەوە شتێکە، بەڵام ئەگەر 300 بۆ 400 کم بڕوات ،ئەوە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر خاکی فیدراسیۆنی ڕووسیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG