Accessibility links

سەرۆک وەزیری پێشووی ئیسڕائیل: پوتن بەڵێنیداوە زێلێنسکی نەکوژێت


سەرۆک وەزیرێکی پێشووی ئیسڕائیل کە لە سەرەتای جەنگەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا بۆ ماوەیەکی کورت ڕۆڵی نێوەندگری دەبینی لە جەنگەکەدا، دەڵێت بەڵێنێکی لە سەرۆکی ڕووسیا وەرگرتووە لەسەر ئەوەی هاوتا ئۆکرانییەکەی نەکوژێت.

سەرۆک وەزیری پێشووی ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت لە سەرەتای جەنگەکەدا وەکو نێوەندگر ڕۆڵی دەبینی، هەروەها بووە یەکەمین ڕابەری وڵاتێکی ڕۆژئاوا لە ماوەی جەنگەکەدا سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆببێتەوە.

لە کاتێکدا کە نێوەندگرییەکەی بێنێت دەرکەوت کە سوودێکی بەرچاوی نەبوو لە وەستاندنی خوێنڕشتنەکەدا کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە، لە چاوپێکەوتنێکدا کە درەنگانێکی ڕۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، تیشکی خستە سەر ئەو گفتوگۆ داخراو و هەوڵە بەپەلانەی کە لە سەرەتای جەنگەکەدا دەدران بۆ وەستاندنی شەڕەکە.

لە چاوپێکەوتنێکی پێنج کاتژمێریدا بێنێت باسی لە کۆمەڵێک بابەت کرد، وتی لە پوتنی پرسیوە کە ئایا بە نیازە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بکوژێت یاخود نا.

وتی " پرسیم ئەمە چۆن دەبێت، ئایا بە نیازیت زێلێنسکی بکوژیت؟ وتی نەخێر زێلێنسکی ناکوژم، دواتر وتم دەمەوێت تێبگەم کە تۆ بەڵێنم پێدەدەیت کە زێلێنسکی نەکوژیت. وتی من زێلێنسکی ناکوژم."

بێنێت وتی دواتر پەیوەندی بە زێلێنسکییەوە کردووە و پێی وتووە کە پوتن بەڵێنی داوە نەیکوژێت.

بێنێت وتی بە زێلێنسکیم وتووە " گوێبگرە، لە کۆبوونەوەکە هاتوومەتە دەرەوە، ئەو بە نیاز نیە تۆ بکوژێت. زێلێنسکی وتی تۆ دڵنیایت؟ وتم لە %100 دڵنیام کە ناتکوژێت."

بێنێت وتی لە ماوەی نێوەندگرییەکەیدا پوتن دەستبەرداری بەڵێنەکەی بووە بۆ لە ناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و زێلێنسکیش بەڵێنیداوە کە نەچێتە پاڵ ناتۆ.

تاوەکو ئێستا کرێملن لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە کە پێشتر بانگەشەکانی ئۆکرانیای ڕەت کردۆتەوە لەسەر ئەوەی ڕووسیا نیازی کوشتنی زێلێنسکی هەبووبێت.

لە وەڵامێکدا بۆ لێدوانەکانی بێنێت، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی " هەڵنەخەڵەتێیت. ئەو درۆزنێکی شارەزایە. هەر کاتێک بەڵێنیدا بێت شتێک نەکات، ئەو بەڵێنەی بەشێک بووە لە پلانەکەی."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG