Accessibility links

بەرپرسێکی فەڕەنسی: ماکرۆن داوای لە پوتن کردووە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بهێنێت


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن

بەرپرسێکی ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی سەرۆکی فەڕەنسا داوای لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن کردووە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا بهێنێت لە ئۆکرانیا، هەروەها داواشی لێکردووە ئاسایشی وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا بپارێزێت.

بەرپرسە فەڕەنسییەکە ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە ماکرۆن و پوتن ڕۆژی یەکشەممە بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەیان کردووە.

کاتێکیش ماکرۆن سەبارەت بە ئاگرەکەی وێستگە ناوەکییەکەی ئۆکرانیا لە پوتنی پرسیوە، کرێملن دەڵێت پوتن " توندڕەوە " ئۆکرانییەکانی بە بەرپرس داناوە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیان بە نوێترین گفتوگۆکانی نێوان ماکرۆن و پوتندا. ماکرۆن بەردەوام لە پەیوەندیدا ماوەتەوە لەگەڵ پوتندا، بەڵام هاوشێوەی هەوڵە نێودەوڵەتیەکانی دیکە، هێشتا نەیتوانیوە مۆسکۆ ڕازی بکات کۆتایی بە داگیرکارییەکەی بهێنێت لە ئۆکرانیا کە ماوەی 11 ڕۆژە بەردەوامە.

ڕۆژی یەکشەممە پوتن لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا وتی هەڵمەتە سەربازییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچێت و کۆتایی پێناهێنێت تاوەکو کیێڤ لە شەڕکردن نەوەستێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG