Accessibility links

ڕووسیا هۆشداری دەداتە بەڕیتانیا


ڕۆژی سێشەممە ڕووسیا هۆشداریدایە بەڕیتانیا و وتی ئەگەر ئەو وڵاتە بەردەوام بێت لە هاندانی ئۆکرانیا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ڕووسیا ئەوا دەستبەجێ " وەڵامێکی گونجاو " دەدرێتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاماژەی بە لێدوانەکانی وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەڕیتانیا جەیمس هیپیدا کە لە ماوەی ڕابردوودا بە ڕادیۆی بی بی سی وت شتێکی زۆر ڕەوایە بۆ ئۆکرانیا ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی ناو ڕووسیا تاوەکو هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی و لۆجیستیکی ڕووسیا تێک بدات.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر هاندانی ڕاستەوخۆی کیێڤ لەلایەن لەندەنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە، ئەگەر ئەو جۆرە کارانە ئەنجام بدرێن، ئەوا دەستبەجێ دەبنە هۆی وەڵامدانەوەیەکی گونجاو."

وتیشی " وەکو پێشتر هۆشداریمان داوە، هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا بیست و چوار کاتژمێر لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵە سەندنەوە لەڕێی موشەکە وردەکانمانەوە بۆ سەر ناوەندەکانی بڕیاردان لە کیێڤ."

وەزارەتەکە وتیشی ئەگەر هێرشێکی لەو جۆرە لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجام بدرێت ئەوا کێشە نابێت ئەگەر نوێنەرانی کۆمەڵێک وڵاتی دیاریکراوی ڕۆژئاواش لەو شوێنانەی ئۆکرانیادا بن کە بڕیارەکانیان لێوە دەردەچێت.

وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەڕیتانیا جەیمس هیپی وتی بەتەواوەتی شتێکی ڕەوایە بۆ ئۆکرانیا هێرش بکاتە سەر هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی و لۆجیستیکی لە ناو ڕووسیادا، هەروەها دانیشی بەوەدانا کە ئەو چەکانەی ئێستا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەدرێن بە ئۆکرانیا، مەوداکانیان دەگاتە ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG