Accessibility links

سـوپا سالاری ڕووسیا سەردانی تورکیا دەکات


سوپا سالاری ڕووسیا گەیشتووەتە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای لەشکری تورکیا بۆ تاووتوێکردنی قەیرانی سوریا و هەروەها هاوکاری لەشکری نێوان هەردوو وڵات.

جەنەڕاڵ ڤالێری گێراسیمۆڤ ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە ڕێوڕەسمێـکی لەشکری لە لایەن جەنەڕاڵ خەڵوسی ئاکار سوپا سالاری تورکیا پـێشوازی لێکرا و کەناڵە تەلەفیزیۆنیـیەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ پەخشیان کرد.

پـێشـتر هەر ئەمڕۆ ئیگۆر کۆناچنکۆڤ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە مۆسکۆ گوتی جەنەڕاڵ گێراسیمۆڤ لە میانەی ئەم سەردانەی تاووتوێی ڕەوشی ئێستای سوریا دەکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە. هەروەها باسیش لە هاوکاری ئابوری دووقۆڵی دەکات لەگەڵ کاربەدەسـتانی لەشکری تورکیا."

ئەم سەردانە پاش ئەوە دێت کە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ ئاسایی بوونەوە دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نامەیەکی ئاڕاستەی ڤلادیمیر پـوتن کرد و تیایدا پەشیمانی نیشان دا لە بەرامبەر خستنی فڕۆکە جەنگیـیەکەی ڕووسیا، ئەوەی لە 24 ی مانگی یازدە لە باکوری سوریا شوێنەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای بۆردومان دەکرد و لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە خرایە خوارێ.

پاش ئەو نامەیە وردە وردە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی بوونەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی ڕووسیای کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن کۆبووەوە و دواتر لە کۆنگرەی G20 لە چین جارێکی دیکە چاویان بە یەککەوت.

ڕووسیا بە ئاشکرایی کۆمەکی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەکات و تورکیاش پشـتیوانی بەشێـکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریایە.

XS
SM
MD
LG