Accessibility links

ئینتەرفاکس: ڕووسیا بەنیازە ژمارەیەک لە دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ڕووسیا دەربکات


Russia US flag
Russia US flag

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی بڵاویکردەوە ڕووسیا بە ئەمەریکای وتووە ژمارەیەکی نادیاریکراو لە دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ڕووسیا دەردەکات، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ دەرکردنی ستافە هەمیشەییەکەی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

دەزگاکە لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە بڵاویکردەوە ڕووسیا بە ئەمەریکای وتووە هەر کارێکی دوژمنکاریی دژی ڕووسیا، وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی بەدوادادێت.

مانگی ڕابردوو ئەمەریکا ڕایگەیاند 12 دیبلۆماتکاری ڕووسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکردووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نیگەرانییەکانی واشنتن سەبارەت بە ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە، وتیشی ئەو دیبلۆماتکارانە " سیخوڕی هەواڵگری بوون."

ئینتەرفاکس وتی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لیستێکی داوەتە دیبلۆماتکارێکی باڵای ئەمەریکا لە مۆسکۆ، لیستەکەش ناوی ئەو دیبلۆماتکارانەی تێدایە کە دەبێت ڕووسیا جێبهێڵن، ئەوەش " وەکو وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ دەرکردنی دیبلۆماتکارە هەمیشەییەکانی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک."

ئینتەرفاکس ئاماژەی بەوە نەدا چەند کەس لە دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ڕووسیا دەردەکرێن.

دەزگاکە وتی " بە ئەمەریکا وتراوە هەر کارێکی دوژمنکارانە دژی ڕووسیا دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی گونجاو و یەکلاکەرەوە لەلایەن ڕووسیاوە."

ئەم هەنگاوەی ڕووسیا لەکاتێکدایە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەنیازن سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG