Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا داوای ڕاگرتنی هێرشی سەر ئیدلیب ڕەتدەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەو داوایانەی ڕەتکردەوە کە کراون بۆ ڕاگرتنی هێرشی حکومەتی سوریا بۆ سەر ئیدلیب کە بە پشتیوانی مۆسکۆ دەیکرێت.

سێرگی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ سێشەممە لە بەردەم ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گوتی" ڕاگرتنی هێرشی سەر ئیدلیب لە پـێناو ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ نیـیە، بەڵکو خۆبەدەستەوەدانە بۆ تێرۆرستان و تەنانەت پاداشتکردنیانە لە بەرامبەر کارەکانیان."

گوتیشی "هەندێک لە وڵاتان دەیانەوێت پاساو بهێننەوە بۆ کارە قێزەوەنەکانی ئەو گروپە توندڕەو و تێرۆرستانە."

لەوەتای سەرەتای مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە، حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی ڕووسیا دەستیکردووە بە هێرشێکی گەورە و فراوان بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای ئیدلیب کە لەوێ گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی نزیک لە تورکیای لێـیە.

بەهۆی ئەو هێرشەوە نزیکەی 900 هەزار کەس لەو پارێزگایەی باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئاوارەبوون و ڕوویان لە ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کردووە.

تورکیا دەڵێت حکومەتی سوریا هێرشێکی دڕندانە دەکاتە سەر خەڵکی ئیدلیب و داوادەکات هێرشەکان ڕابگیرێن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا داوای لە ڕێبەرانی ڕووسیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا کرد لە بارەی ڕەوشی ئیدلیب کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن، بەڵام هەتا ئێستا کۆدەنگیـیەک لە نێوانیاندا نیـیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە.

XS
SM
MD
LG