Accessibility links

فڕۆکەیەکی بارهەڵگری لەشکری ڕووسیا لە سوریا دەکەوێتە خوارێ و 32 کەس گیانیان لەدەست دەدەن


فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری Antonov An-26
فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری Antonov An-26

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت فڕۆکەیەکی بارهەڵگری لەشکری خۆی لە نزیک فڕۆکەخانەی حمێمیمی سوریا کەوتووەتە خوارێ و لە ئاکامدا 32 کەس گیانیان لەدەسـتداوە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە گوتی لە نزیک کاژمێر 2 ی پاش نێوەڕۆ بە کاتی سوریا فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری Antonov An-26 بەر لەوەی بتوانێت لە فڕۆکەخانەی حمێمیم بنیشێتەوە کەوتووەتە خوارێ و هەموو ئەوانەی لە ناو فڕۆکەکەدا بوون گیانیان لەدەستداوە کە بریتی بوون لە 26 سەرنشین و 6 کەسی تاقمی فڕۆکەکە.

دەشڵێن پـێدەچێت بەهۆی کێشەی تەکنیکیـیەوە کەوتبێت، بەو پـێـیەی لە دوری 500 مەتر لە ڕێڕەوی نیشتنەوەکە بەربووەتەوە، بەڵام کۆمیتەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕاگەیاندنێکدا گوتویەتی هیچ شتێک بە دور نازانێت.

ئەمە یەکەم جار نیـیە فڕۆکەی لەشکری ڕووسیا لەوانەی بەرەو سوریا دەچن بکەوێتە خوارێ، پـێشتر لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 فڕۆکەیەکی جۆری تۆپۆلیڤ TU-154 کە ئەویش بەرەو فڕۆکەخانەی حمێمیم دەچوو کەوتە خوارێ و لەو ڕووداوەش 92 کەس گیانیان لەدەست دا. مانگی دەی ساڵی 2017 فڕۆکەیەکی جۆری سوخۆی SU-24 کاتێک هەوڵی هەستانی لە فڕۆکەخانەی حمێمیم دا تێکشکا و 2 فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەست دا.

XS
SM
MD
LG