Accessibility links

شارەزایان: ڕووسیا بە مەبەستی ناوخۆی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە هێزەکانی لە سوریا دەکێشێتەوە


ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لە میانەی سەردانیدا بۆ سوریا لە مانگی دوازدەی ڕابردوو، گوتی بەشی زۆری هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەکێشێتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی داعش لە زۆربەی زۆری ناوچەکانی سوریا لەناوبران.

بەڵام بەشێک لە شارەزایان پـێیان‌وایە ئەم ڕاگەیاندنەی پـوتن تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی لەم کاتەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی نزیک دەبێتەوە کە بڕیارە لە مانگی سێدا بەڕێوەبچێت.

فرێدرێک هۆف بەڕێوەبەری سەنتەری ئەتلەنتیک کۆنسڵی ڕەفیق حەریری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕاوێژکاری پـێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوو بۆ کاروباری سوریا بە دەنگی ئەمەریکای گوت "پـێموایە ڕاگەیاندنەکەی پـوتن مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە و کەمێک پەیوەندی بە سوریاوە هەیە."

گوتیشی" ئەوەی لە سوریا ڕوویداوە گرنگیەکی سیاسی زۆری بۆ پـوتن هەیە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا. پـوتن پـێی باشە خەڵکی ڕووسیا چاویان لەوە بێت وڵاتەکەیان ببێتەوە بە زلهێزەکەی جاران لە بری ئەوەی سەنگی بخەنە سەر لاوازی ئابوری وڵاتەکەیان و ئەو گەندەڵیـیە زۆرەی هەیە."

ئەم شارەزایەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشڵێت پـوتن هەوڵ دەدات خەڵکی ڕووسیا قایل بکات بەوەی وردە وردە ڕۆڵی وڵاتەکەیان لە سوریا کەم دەبێتەوە، هەرچەندە لەم ڕۆژانەی دوایی پشـتیوانی ڕووسیا بۆ حکومەتی سوریا زیاتربووە.

هەفتەی ڕابردوو فڕۆکەکانی ڕووسیا دەیان هێرشی ئاسمانیـیان کردە سەر ناوچەی غوتەی شەرقی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە نزیک دیمەشقی پایتەخت کە لەوێ نزیکەی 400 هەزار کەس دەژین. پاشان هێرشە ئاسمانیـیەکان ناوچەکانی ئیدلیبیشی گرتەوە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەو هێرشە ئاسمانییانە دەیان کەس کوژراون و برینداربوون.

کۆلین کلارک توێژەری بواری تێرۆرزم لە دەزگای ڕاند بە دەنگی ئەمەریکای گوت ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە دەستێوەردانە لەشکریـیەکانی لە سوریا و لە هەمان کاتیشدا هەوڵی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە دەدات لە نێوان حکومەتی سوریا و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەمەش تاوەکو مانەوەی ڕۆڵی خۆی لە ئایندەی سوریا مسۆگەربکات.

گوتیشی ئەمەریکا کە پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، لە پاش وەدەرنانی داعش لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەوڵەکانی بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە گۆڕیوە.

کلارک لە کۆتایـیدا گوتی "هەر دەسـتکەوتێکی ناتۆ بە دۆڕاندنێکی ڕووسیا دادەنرێت و ئێستا دەبینین پـێچەوانەکەشی ڕاستە."

XS
SM
MD
LG