Accessibility links

بەشار ئەسەد سەردانی ڕووسیا دەکات و لەگەڵ پـوتن کۆدبێتەوە


ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لەگەڵ بەشار ئەسەد هاوتا سوریـیەکەی کۆبووەتەوە، دوو ڕۆژ بەر لەو کۆبوونەوە لوتکەیـیەی بڕیارە لە نێوان ڕووسیا و ئێران و تورکیا ئەنجام بدرێت بۆ تاووتوێکردنی قەیرانی سوریا.

پـوتن شەوی دووشەممە لە شاری سوچی باشوری ڕۆژئاوای ڕووسیا پـێشوازی لە ئەسەد کرد و بەپـێی دیمیتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملین بۆ ماوەی 4 کاژمێر کۆبوونەتەوە، بەڵام هەواڵی سەردان و کۆبوونەوەکە هەتا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکرا نەکرا.

میدیا فەرمیـیەکانی ڕووسیا دەڵێن پـوتن پـێرۆزبایی لە ئەسەد کردووە بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنانەی لە دژی تێرۆرزم لە سوریا تۆمارکراون. هەروەها گوتویەتی کاتی ئەوە هاتووە بەرەو پـرۆسەی سیاسی هەنگاو بنرێت.

پـوتن بە ئەسەدیشی گوتووە ڕۆژی سێشەممە هەر بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک ترامپ و ژمارەیەک ڕێبەری عەرەب دەکات، لەوانە تەمیم بن حەمەد ئال ثانی میری قەتەر.

ئەسەد لای خۆیەوە سوپاسی ڕووسیای کرد بۆ ئەو یارمەتیانەی پـێشکەشی سوریای کردووە و گوتی گرنگە لە پـرۆسەی سیاسی هەنگاو بەرەو پـێشەوە بنرێت، وە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی وتووێژ بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم جارە لەوەتای مانگی دەی ساڵی 2015 وە بەشار ئەسەد بچێتە دەرەوەی وڵاتەکەی.

پـوتن ڕۆژی چوارشەممە هەر لە شاری سوچی پـێشوازی دەکات لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران، پاشان کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی سەبارەت بە سوریا ئەنجام دەدەن. کاربەدەستانی هەرسێ وڵات دەڵێن بۆ هەوڵی گەیشتنە بە ڕێگە چارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا.

XS
SM
MD
LG