Accessibility links

فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیا دەکەوێتە نێو ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی کەوتووەتە نێو ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە کاتی هەوڵی نیشتنەوەی لەسەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەدمیراڵ کۆزنێتسۆڤی وڵاتەکەی.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی فڕۆکەیەکی جۆری SU-33 کاتێـک ڕۆژی شەممە لە هێرشێـکی ئاسمانی لە سوریا گەڕاوەتەوە، هەوڵی نیشتنەوەی لەسەر کەشتی فڕۆکە هەڵگرەکە دابوو، بەڵام کێبڵی گرتنەوەی فڕۆکەکە بچڕاوە و بەو هۆیەوە کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە.

دەشڵێت فڕۆکەوانەکە توانیویەتی خۆی لە فڕۆکەکە هەڵبدات و تیمی فریاکەوتنی کەشتیـیەکە ڕزگاریان کردووە و لە ئێستادا باری تەندروستی باشە.

وەزارەتەگە گوتیشی کەشتیـیەکە لە ئەرکەکانی خۆی بەردەوامە و فڕۆکەی جەنگی لەسەر هەڵدەستێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی پـێـیان ڕادەسپـێرن.

جێی ئاماژەیە ئەمە دووەم فڕۆکەی جەنگی ڕووسیایە لە نێو دەریای ناوەڕاستدا تێکبشکێت. 14 ی مانگی یازدەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جۆری MiG-29K ی ڕووسی بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە نزیک کەشتیـیە فڕۆکە هەڵگرەکە کەوتە خوارێ.

لەوەتای مانگی نۆی سـاڵی 2015 وە ڕووسیا بەشداری لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی ناو سوریا دەکات بۆ پشـتیوانیکردنی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد.

XS
SM
MD
LG