Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت سەرەڕای کشانەوەی بەشێـک لە هێزەکەی لە سوریا لە بۆردومانکردنی تێرۆرستان بەدەوام دەبێت


ڕووسیا دەڵێت لە بۆردومانکردنی گروپە تێرۆرستیـیەکان لە سوریا بەردەوام دەبێت سەرەڕای کشانەوەی بەشێـک لە هێزەکەی لەو وڵاتە.

نیکۆلای پانکۆڤ جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە هێشتا زووە باس لە سەرکەوتن بەسەر تێرۆردا بکرێت، بۆیە دەبێت هێزی ئاسمانی ڕووسیا بەردەوامبێت لە لێدانی تێرۆرستان.

بەیانی ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند ژمارەیەک فڕۆکەی T-154 و فڕۆکەی SU-34 سوریایان جێهێشت. تەلەفیزیۆنی فەرمی ڕووسیاش ژمارەیەک فڕۆکەی نیشـان دا کە لە فڕۆکەخانەی حمیمیمی سوریا هەڵدەسـتان.

هاوکات سێرگێی ئیڤانۆڤ کاربەدەسـت لە کرملین گوتی هەرچەندە ڕووسیا بەشێـکی هێزەکەی دەکێشێتەوە، بەڵام چەکی جۆری S-400 کە پـێشکەوتووترین سیستەمی بەرگری ئاسمانیـیە لە سوریا دەهێڵێتەوە.

ڕووسیا ئەم جۆرە سیستەمەی لە سوریا دامەزراند لە پاش خستنی فڕۆکەیەکی بە دەسـتی تورکیا لەسەر سنووری نێوان سوریا و تورکیا لە مانگی یازدەی سـاڵی ڕابردوو.

لە لایەکی دیکە ستافان دیمستۆرا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا ئەم بڕیارەی ڕووسیای بە هەنگاوێـکی گرنگی ناودێریکرد و هیوای خواست کاریگەری ئەرێنی بەسەر وتووێژەکانی ئاشتیدا هەبێت کە لە ڕۆژی دووشەممەوە لە جنێڤ دەستیانپـێکردەوە.

XS
SM
MD
LG