Accessibility links

ڕووسیا: ئەگەر فیدراڵی بۆ سوریا باشبێت بۆ نا


جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت دەکرێت سوریا بکرێتە بە وڵاتێـکی فیدراڵ ئەگەر بەم شێوەیە ببێتە مایە مانەوەی وڵاتەکە بە یەکپارچەیی.

سێرگێی ڕیابکۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەوانانی گوت " ئەگەر هاتوو وتووێژ و مشتومڕەکان لە بارەی شێوازی حکومڕانی لە سوریا لە ئایندەدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی شێوازی فیدراڵی لە قازانجی مانەوەی سوریایە بە یەکگرتوویی و سکیولار و سەربەخۆ و خاوەن سەروەر، ئەوا کێ لە دژی دەبێت؟"

پاشان گوتی " لای ئێمەوە، هەر کاتێـک خەڵکی سوریا ئامادەبوون هەنگاو بە ئاڕاستەیەکی تایبەتدا بنێن، ئەوا ئێمەش پەسەندی دەکەین."

بەڵام گوتیشی مۆسکۆ لە دژی هیچ شێوازێـکی دیکەی حکومڕانی بۆ سوریا نابێت، بەو مەرجەی کەسێـک لە دوری هەزار کیلۆمەتر لە سوریاوە نەیەت بیسەپێنێت."

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە مانگی نۆی سـاڵی ڕابردوو بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە چاوپێـکەوتنێـکدا بیرۆکەی سیستەمی فیدراڵی ڕەتنەکردەوە، بەڵام گوتی هەر گۆڕانکاریـیەک بکرێت دەبێت لە ئەنجامی وتووێژی نێوان سوریـیەکان و ڕیفراندۆم ببێت و پاشان بخرێتە ناو دەسـتورەوە.

سوریا لە پاش 5 سـاڵ لە شەڕی ناوخۆ کە بووە هۆی گیان لەدەسـتدانی 250 هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 11 ملیۆن کەس، ئێسـتا خاکەکەی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا دابەشبووە، لە نێوان حکومەت و هاوپەیمانەکانی و کوردەکان کە ڕۆژئاوا پشـتگیریان دەکات و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و داعش.

XS
SM
MD
LG