کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هەتا ئێسـتا زیاتر لە 2371 کەس بە هێرشەکانی ڕووسیا لە سوریا کوژراون.
کۆمەڵەکە ڕۆژی چوارشەممە لە ئامارێـکیدا نووسیویەتی لەوەتای ڕووسیا لە 30 ی مانگی نۆوە هێرشەکانی دەسـتپـێکردووە هەتا ئێستا 792 کەسی سیڤیل بە موشەک و بۆردومانی فڕۆکەکان کوژراون، لەوانە 180 کەسیان منداڵبوون.
دەشڵێت بەڵام 655 چەکداری داعش کوژراون لەگەڵ 924 چەکداری بەرەی نوسرە و گروپەکانی ڕۆژئاوا و چەند وڵاتێـکی عەرەبی پشـتگیریـیان دەکەن.
مارک تۆنەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕەخنەی لە بۆردەمانەکانی ڕووسیا گرت و گوتی سەدان خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە، لەوانەش کە دەستبەجێ چوون بە هانای قوربانیـیەکانەوە. گوتیشی لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و بازاڕیشیان داوە.
هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی Amnesty International ئەویش ڕەخنەی لە ڕووسیا گرتبوو لەسەر هێرشەکانی لە سوریا و گوتی سەدان خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە کە دەکرێت بە تاوانی جەنگ ناودێربکرێن.