Accessibility links

سەرۆکی ڕووسیا هێرشی توند دەکاتە سەر تورکیا و دەڵێت لە پشتەوە لێی داین


سەرۆکی ڕووسیا خستنی فڕۆکە جەنگیـیەکەی وڵاتەکەی لە لایەن تورکیاوە بە لێدان لە پشـتەوە ناودێردەکات و دەڵێت تورکیا هاوکاری تێرۆرستان دەکات.

ڤلادیمیر پـوتن ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی پێشوازیکردنی لە شا عەبدوڵڵای ئوردن لە شاری سووچی وڵاتەکەی گوتی ئەو فڕۆکەیەی ڕووسیا کە لە ئاسمانی سوریا بە موشەکی ئاسمان بۆ ئاسمان خراوەتە خوارێ لە بەرزایی 6 هەزار مەتر لە ئاسمانی سوریا بووە و یەک کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوربووە و لە ناوچەیەکی سوریا بەربووەتەوە کە 4 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دورە.

جەختی لەوەش کرد فڕۆکەکانی ڕووسیا بە هیچ شێوەیەک نەبوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا.

پاشان تورکیای تاوانبارکرد بەوەی ڕێگەی بۆ بە قاچاخبردنی نەوتی داعش کردووەتەوە و نەوتیشی لێدەکڕێت، دەڵێت ئەمە بووەتە مایەی سەرچاوەی داهاتی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ داعش.

هەروەها گوتی ئەم ڕووداوەی ئەمڕۆ و ئەو کارانەی پـێشووی تورکیا بە وردی هەڵدەسەنگێنین و ئاکامی زۆر خراپی بەسەر پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.

پاشان سەرسامی خۆی دەربڕی کە تورکیا داوای لە ناتۆ کردووە کۆبوونەوەی بە پەلە لەم بارەیەوە سـازبکات، گوتی وەکو ئەوە وایە تورکیا فڕۆکەی خرابێت نەک ڕووسیا، گوتی تورکیا بەمە چی دەوێت ئایا دەیەوێت ناتۆ بخاتە خزمەتی داعشەوە.

XS
SM
MD
LG